ئێران و عێراق هەوڵ بۆ بەرەنگاربوونەوە شەپۆلەکانی خۆڵبارین دەدەن
پوختەی هەواڵ
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاژانسى فەرمى عێراق بڵاوی کردەوە جاسم فەلاحی، وەزیری ژینگەی عێراق ڕایگەیاندووە، زۆربەی زریانە خۆڵاوییەکان لە سێ وڵاتی دراوسێوە هاتوونەتە عێراق و چەند جموجوڵێکی دیپلۆماسی هەیە بۆ ئەنجامدانی دیالۆگێکی هەرێمی بۆ کەمکردنەوەی زریانە خۆڵاوییەکان و وشکەساڵی.
ئاماژەی بەوەش کرد، "دیالۆگی هەرێمی نێوان وڵاتانی ناوچەکە سەبارەت بە زریانی خۆڵاوی زۆر گرنگە، دەبێت رێوشوێنی خێرا بگیرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەیان".
فەلاحى وتیشى: "دەستپێشخەریی ناوخۆیی و ناوچەیی هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا"، ڕوونیشیکردەوە کە "دیپلۆماسی عێراق کار لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوە و دیالۆگ دەکات کە ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکانی زریانی خۆڵاوی و کەمیی ئاو و بە بیابانبوون ببێتەوە".
وەزیری ژینگە ئاماژەی بەوەدا کە "عێراق دەکەوێتە توندی وشکەساڵی و بە بیابانبوون، نەبوونی باران لە سێ ساڵی ڕابردوودا بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە خاک".
بۆچوونی بەکارهێنەران