شوێنی بانەری ڕیکلام (728x90)
خبر نووسەر: کوردپرێس 2022-04-04 05:14 کاتی خوێندنەوە: 1 خولەک بینین: 0 (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

دادگەی کەرکووک داوای ناوی ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی پارێزگا دەکات کە لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستاندا بەشدارببوون

پوختەی هەواڵ
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دادگەی لێکۆڵینەوە لە کەرکووک نووسراوێکی ئاڕاستەی کارگێڕیی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کردووە و تێیدا داوای ناو و زانیاری ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی هەڵوەشاوەی پارێزگای کەرکووک دەکات کە لە گشتپرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2017 بەشداربوون.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە نووسراوێکی نووسینگەی کەرتی یەکی لێکۆڵینەوە لە دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرکووک، کە لە 14.3.2022 دەرچووە و ئاراستەی کارگێڕیی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کراوە، هاتووە: "بەپێی ئەو بڕیارەی کە لە دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرکووک دەرچووە، دەبێ ناوی ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی پێشووی پارێزگای کەرکووکمان بۆ بنێرن کە لە گشتپرسییدا بەشداربوون، هەروەها دەبێ نوێنەری یاساییتان لە نووسینگەکەمان ئامادە بێت بۆ روونکردنەوەی ئەوەی ئاخۆ دەیەوێ سکاڵا لە دژی بەشداربووانی گشتپرسی تۆمار بکات یان نا".

سەبارەت بە وردەکاری ئەم نووسراوە، محەممەد کەمال، سەرۆکی لیستی برایەتی لە ئەنجوومەنی هەڵوەشاوەی پارێزگای کەرکووک، بە رووداوی راگەیاند: "ئەو نووسراوە لەسەر بنەمای سکاڵای فراکسیۆنی عەرەبی و فراکسیۆنی تورکمانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەرچووە، پێشتر دادوەرێک هەبوو کە سکاڵاکەی بینیبوو و رەتیکردەوە لێی بکۆڵێتەوە و بە بابەتێکی سیاسی ناویبردبوو، بەڵام ئێستا دادوەرێکی دیکە هاتووە و دۆسێکەی جووڵاندووە".

محەممەد کەمال دەشڵێت: "بەشێکی زۆری دانیشتووانی پارێزگای کەرکووک بەشداریی گشتپرسییان کرد و چەندین وەزیر و پەرلەمانتاری عێراق لەو پڕۆسەیەدا بەشداربوون و ئێستاش لە بەغدا پۆست و پلەیان هەیە، کەچی تورکمان و عەرەبی ئەنجوومەنی هەڵوەشاوەی پارێزگای کەرکووک تازە بەتازە بەدوای جووڵاندنی ئەو کەیسەوەن، چونکە هەوڵدەدەن باری ئەندامانی ئەنجوومەنی هەڵوەشاوە قورس بکەن و لە خانەنشینکردن بێبەشیان بکەن".

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
(0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.
یاریدەدەری زیرەکی هەواڵ
هەواڵە تازە و گرنگەکان خێرا پێداچوونەوە بکە