تورکیا لەمساڵدا 2461 هێرشی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە کە ٣٦٧ هێرشیان کیمیایی بوون
پوختەی هەواڵ
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ، فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل-نەپەگە لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماری ساڵی ٢٠٢١ی شەڕوپێكدادانەكانی لەدژی هێرشەكانی سوپای تورکیا بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، "گەریلا توانی لە ساڵی ٢٠٢١دا ئاستی گەریلای سەردەم بگەیەنێتە ئاستێکی بەرچاو، بەتایبەت ڕێبازی شەڕی گرووپیی و گەریلای پڕۆفیشناڵ، تاکتیکی شەڕی پشتبەست بە سەنگەر و تونێل، سوپای تورکیا لە گردەکانی سەر سنوورەوە ڕاگرت".
هەروەها هاتووە "هەر لە ڕۆژەکانی سەرەتاوە هەموو پلانەکانی هەڵوەشاندەوە، هەرچەندە سوپای تورکیا پیلانی دانابوو لە چەند هەفتەیەکدا ئامانجەکانی بپێکێت، بەڵام چەندین مانگیش تێپەڕبوو و نەیتوانی هیچ ئەنجامێک بەدەستبهێنێت".
لە ڕاگەیێندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، "سوپای تورکیا بەهۆی شکست، دەستی برد بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، کە چەکێکی قەدەغەکراوی جیهانییە و بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکانیش تاوانێکی ئاشکرایە".
هەپەگە ڕاشیگەیاندووە "سوپای توركیا لە ٢٣ی نیسانی ئەمسالەوە لەناوچەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا هێرشێکی فراوانی دەستپێكردووە".
بەگوێرەی ئامارەکەی هەپەگە،ساڵی ٢٠٢١، تورکیا دوو هەزار و ٤٦١ هێرشی ئاسمانیی و زەمینیی ئەنجامداوە، کە ٣٦٧ هێرشیان کیمیایی بوون و لە ئەنجامی پێکدادانەکاندا ٨٦١ سەربازی سوپای توركیا كوژراون و 298 کەس لە چەکدارانی پەکەکە-یش کوژراون.
بۆچوونی بەکارهێنەران