ئاگاداری تەوەری گفتوگۆکانی نێوان PYD و دیمەش نین/ ENKS خەبات بۆ مافی نیشتمانیی گەلی کوردی سووریا دەکات
پوختەی هەواڵ
ڕزوان سیدۆ ئەندامێکی مەکتەبی ڕێکخستنی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKS)لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە دوورنواڕی مژاری گفتوگۆکان لەنێوان ئیدارەی خۆسەر و حکوومەتی ناوەندیی سووریا و ڕۆڵی حزبە کوردییەکان لە ئایەندەی سیاسیی سووریا و ڕایگەیاند: ماوەیەکی زۆرە کە باس لە گفتوگۆی نێوان حزبەکانی یەکێتیی دیموکراتیک (PYD) و ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی سووریا دەکرێت. ئیدارەی خۆسەر دەڵێت کە دیمەش بوونی ئەم ئیدارەیە قبووڵ بکات و دانی پێدا بنێت و هێزەکانی ئەم ئیدارەیە ببنە بەشێک لە هێزە سەربازییەکانی داهاتووی سووریا.
ناوبراو درێژەی دا: پەیەدە هەر مامەڵەیەک کە ویستوویە لەگەڵ حکوومەت ئەنجامی بدات تا کوو ئەمڕۆ قبووڵ نەکراوە و ئێمەیش ئاگارداری مامەڵەی نێوانیان نین و هیچ پرسێک لەم نێوانەدا بۆ ئێمە و خەڵکی کوردی سووریا ڕوون نەکراوەتەوە.
ناوبراو جەختی کردەوە: ڕوون نییە کە ئیدارەی خۆسەر بەدوای مافی سیاسی یا مافی نەتەوەیی و شتێکی تردایە و ڕوونکردنەوە لەمبارەوە نادات.
ناوبراو زیادی کرد: ئەم ئیدارەیە دەڵێت حکوومەت ئاوڕ لە داواکارییەکانی ئێمە ناداتەوە و قبووڵیان ناکات بەڵام ئێمە نازانین پەیەدە داوای چیی لە حکوومەت کردووە و هێشتا هیچ شتێک لەمبارەوە شەفاف نییە.
ئەندامی مەکتەبی ڕێکخستنی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKS)وەبیری هێنایەوە: حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد (PYNK)یش بەشێکن لە هاوپەیمانیی لەگەڵ پەیەدە و هەر پرسێک دێتە ئاراوە ئەوانیش هاوبەشن.
ڕزوان سیدۆ لەبارەی ڕۆڵی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKS) لە مامەڵەکانی کوردستانی سووریا وتی: ئەنەکەسە بەشێکە لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و لە دانوستانی ژێنێڤ و لیژنەی ڕەشنووسی دەستووری نوێی سووریا ئامادەیە. ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد جەخت لە مافی نیشتمانیی کوردەکان دەکاتەوە لە یاسای بنەڕەتیی نوێی سووریا.
ناوبراو لەبارەی ڕۆڵی ڕووسیا لە هاوکێشەکانی باکووری سووریا زیاتر وتی: ڕووسیا لە ڕێگای کارتی تورکیاوە دەیهەوێت گوشار بخاتە سەر ئیدارەی خۆسەر تاکوو ئەم ئیدارەیە خۆی تەسلیمی حکوومەتی ناوەندیی بکات.
ئەندامەکەی مەکتەبی ڕێکخستنی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKS)ڕاشیگەیاند: بۆ ئێمە و خەڵکی کوردی سووریا ئەم بابەتە گرینگە کە هەر لایەنێک کە لەگەڵ حکوومەت و ئۆپۆزیسیۆن دانوستان دەکات مافی نیشتمانیی کورد لەبەرچاو بگرێت و بیخاتە ناو دەستووری سووریا.
بۆچوونی بەکارهێنەران