دەم پارتی پێشوازی لە بڕیاری ئاگربەستی پەکەکە دەکات
پوختەی هەواڵ
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کۆمیتەی جێبەجێکاری پارتی کرێکارانی کوردستان هەڵوێستی خۆی بۆ دەمەوە چوونی پەیامەکەی ئۆجەلان دەربڕی ڕایگەیاند، لە ئەمڕۆوە ئاگربەستی شەڕ بەرانبەر بە تورکیا جێبەجێ دەکەن و پابەندی ناوەرۆکی پەیامەکەی ئۆجەلان دەبن.
لەمبارەوە گولستان کڵچ کۆچیغیت جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی گوتی: پەیامەکەی ئەمڕۆی پەکەکە بۆ بانگەوازەکەی ئۆجەلان هەنگاوێکی مێژووییە و وەک هەنگاوی یەکەم ئاگربەستیان ڕاگەیاند، ئەمەش ئاماژەیێکی ڕوون و ئاشکرایە کە بە خێرایی پەیامەکەی ئۆجەلان جێبەجێ دەکەن.
کڵچ ڕاشیگەیاندووە، هەرچەندە ئەم بانگەوازە لە بنەڕەتدا چەکداماڵین و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لەخۆدەگرێت، بەڵام شتێکی دیکەش دەڵێت. کە بانگەوازێکە بۆ دیموکراسیکردنی دەوڵەت، بۆ ئەوەی دەوڵەت هەستیار بێت بەرامبەر بە دیموکراسی، بۆ ئەوەی دەوڵەت سیستەمێکی دیموکراسی دابمەزرێنێت کە هەموو گەلان و هەموو بیروباوەڕەکان و هەموو پێکهاتەکانی نیشتەجێی وڵات لەخۆ بگرێت.
کڵچ ڕاشیگەیاندووە، ئێستا کاتی هاتووە پەرلەمان بە گوێرەی ئەو دەسەڵات و بەرپرسیارێتییەی هەیەتی، بە ڕۆڵی ئەرێنی خۆی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە هەڵسێت و هەنگاوی خێرا و پێویست بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەکە و سەرخسینی ئاشتی بگرێتەبەر.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ۱ی ئاداری ۲۰۲۵، کۆمیتەی جێبەجێکاری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پابەندبوونی خۆی بە جێبەجێکردنی ناوەرۆکی پەیامەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان بۆ ئاگربەستی ڕاگەیاند و بۆ بەستنی کۆنگرەی خۆ هەڵوەشاندنەوەش داوای ئازادکردنی ئۆجەلان دەکەن بۆ ئەوەی سەرپەرشتی کۆنگرەکە بکات.
بۆچوونی بەکارهێنەران