ئێران ئامادەیی بۆ دۆزینەوە منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە دەربڕی
پوختەی هەواڵ
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نازم عومەر دەباغ، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆماری ئیسلامی ئێران بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاندووە، شاندێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی وەزیری کاروباری شەهیدان بە بانگهێشتی بەڕێوەبەرایەتی بونیادی شەهیدانی ئێران سەردانی تارانی کردووە و چەند رۆژێک دەمێننەوە.
نازم دەباغ گوتی، سەردانەکە بۆ سوودوەرگرتنە لە ئەزموونی یەکدی "ئێران ئامادەیی دەربڕیوە بۆ دۆزینەوەی منداڵانی ونبووی هەڵەبجە و کۆڕەوەکە، هاوکاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام دەبێ حکومەتی هەرێم زانیاریی ورد لەسەر ونبووەکان بداتە ئێران بۆ ئەوەی سۆراخیان بکەن".
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، شاندەکەی هەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەممە، لە تاران سەردانی هەردوو نەخۆشخانەکانی پسپۆڕی (خاتم الٲنبیاء) و (بقية الله)ـی کردووە و دواتر لەگەڵ سەرۆک و تیمە جیاجیاکانی هەردوو نەخۆشخانەکە باسیان لە خزمەتگوزارییەکانی نەخۆشخانەکان کردووە، کە چارەسەری کیمیایی و سەرجەم نەشتەرگەرییەکان و چارەسەری نەخۆشییەکان بۆ کەسوکاری شەهیدان و قوربانیان لەخۆدەگرێت.
ئەم نەخۆشخانانە لە گەورەترین نەخۆشخانە پسپۆڕییە تایبەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانن کە سەرجەم خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی تایبەت بە کەسوکاری شەهیدان و خانەوادەی تێکۆشەران و قوربانیان لەخۆدەگرن.
هەر لەو سەردانەدا شاندی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، سەردانی سەنتەری (نوور) یان کرد کە تایبەتە بە پشکنینی DNA.
بۆچوونی بەکارهێنەران