شوێنی بانەری ڕیکلام (728x90)
خبر نووسەر: کوردپرێس 2023-05-20 14:50 کاتی خوێندنەوە: 2 خولەک بینین: 0 (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

بافڵ تاڵەبانی ئامادەیی یەکێتیی بۆ یەکگرتنەوە لەگەڵ گۆڕان ڕاگەیاند

پوختەی هەواڵ
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵیادی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا_دا، پەیامێکی بڵاو کردەوە و ئامادەیی یەکێتیی بۆ یەکگرتنەوە لەگەڵ گۆڕان ڕاگەیاند.

کوردپرێس، دەقی پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی بڵاو دەکاتەنە:

لەساڵیادی ژیانئاوایی کاک نەوشیروان، یەکێک لە هەڤاڵانی تێكۆشەری دەستەی دامەزرێنەری یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان و هاوڕێی سەرۆک مام جەلال، سەری رێز و وەفا لەبەردەم مێژووی پاکی دادەنەوێنم و ئەم رۆژە پڕخەمە بە شکۆوە بەرز رادەگرم.

‌‎کاک نەوشیروان بیرمەند، سیاسەتمەداری کوردەواری و سەرکردەی شۆڕشی نوێ، قوتابخانەیەک بوو لە بیری نوێ، رۆشنفکری، بوێری و رچەشکێنی کاریزمایی رێکخراوەیی کە لە هەموو قۆناغەکانی خەباتی کوردایەتیدا رۆڵی رابەرایەتی دەگێڕا و بەشێکی گرنگی سەرخستنی خەباتی چەکداریی گەلەکەمان بوو.

‌‎ دەمەوێت ئەوە بڵێم کاک نەوشیروان باوک بوو، نەک تەنها بۆ منداڵەکانی بەڵکو باوک بوو بۆ زۆرینەی خەڵکی کوردستان.

‌‎ئەمڕۆ لە هەموو رۆژێک زیاتر دەمەوێت بۆ گۆڕان قسە بکەم، کاتێک کێوێکی گەورەی وەک کاک نەوشیروان مێژوو و ناسنامەتان بێت، هەست بە ئومێد دەکەم و هیوایەک هەیە بۆ داهاتوو. کەواتە ئەمە دەبێت هاندەرمان بێت بۆ هەنگاوی گەورەتر.

‌‎کاتێک باوکێکی وەک کاک نەوشیروان کە شاخێک بوو لە ورە، لەبەرامبەر رەشەبادا کێوێک بوو لە دڵنیایی و لە سێبەرەکەیدا ئارامی دەبەخشی، لە فکریشدا ئومێدی پێدەبەخشیت، بێگومان لە دەستدانی ئازاربەخشە بەڵام بیروباوەڕی هاندەرە بۆ بەردەوامی.

من لە ئازاری بێباوکی بۆ نەوەکانی و گۆڕان تێدەگەم چوونکە من و کاک قوباد بەو ئازارەدا تێپەڕین.

هیوادارم گۆڕان و یەکێتی ئەو شاخە بن بۆ میللەتەکەمان چوونکە هەموو کەس ئەوە دەزانێت و حاشاهەڵنەگرە کە لە دوا پرۆژە و هەنگاوی سیاسی ژیانیان، سەرۆک مام جەلال و کاک نەوشیروان زۆر لە یەکەوە نزیک بوون تا ئاستی یەکگرتنەوە و هەنگاوی گەورەشیان ناوە.

‌‎ئەم یادە بە دەرفەت دەزانم تاوەكو ‌‎بە هەموولایەکی رابگەیەنم یەکێتی بە هەموو شێوەیەک ئامادەیە بۆ هەنگاونان بەرەو رێککەوتنێکی نوێ و یەکگرتنەوە لەگەڵ گۆڕان.

گومانم نییە کە دەتوانین ئامانج و خەونەکانی مام و کاک نەوشیروان بەدیبهێنین و پێکەوە تەواویان بکەین.

‌‎ئەمەش رێگا دروستەکەی خەبات و گەیشتنە بە ئامانجە نەتەوەیی و کوردستانییەکان.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
(0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.
یاریدەدەری زیرەکی هەواڵ
هەواڵە تازە و گرنگەکان خێرا پێداچوونەوە بکە