تورکیا دژی دەسەڵاتدارێتیی کوردە /ئێستا هەلومەرجەکە بۆ هێرشێکی دیکە گونجاو نابینێت
پوختەی هەواڵ
«گەلۆ عیسا» ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حزبی دیموکراتی کوردی سووریا (P.D.K.S) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دابە هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆسەر کۆبانێ و وتی: تورکیا نەک هەر هێرشی کردە سەر کۆبانێ و تەل تەمەر و حەسەکە بەڵکوو هەرێمی کوردستان و کەمپی پەنابەرانی مەخمووریشی کردۆتە ئامانجی هێرشەکانی و جەنایەتەکانی تورکیا هیچ سنوورێک نابینن.
ناوبراو درێژەی دا: تورکیا دەیهەوێت ژیانی کوردەکان لەناو بەرێت و نیەتی ئەوەیە ڕێگری بکات لە پڕۆژەی دیموکراتیک لە کوردستانی سووریا و نەهێڵێت بە مافەکانیان بگەن.
گەلۆ عیسا وتیشی تورکیا بەو هەڵمەتە دەیهەوێت کوردەکان جێگایان لە داهاتووی سووریادا نەبێت.
ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حزبی دیموکراتی کوردی سووریا ئاشکراشی کرد ئێمە داوا لە کۆمەڵای نێودەوڵەتی دەکەین ڕێگا لە تورکیا بگرن و ڕەفتارەکانی ڕابگرن.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئامانجی تورکیا لە دەستپێکردنی هێرشی زەمینی بۆ سەر کۆبانێ چیی؟ گەلۆ عیسا ڕایگەیاند: تورکیا لەم هەلومەرجەدا هێرشێکی فەرمیی دیکە بۆ سەر کوردستانی سووریا دەست پێناکات بەڵام بە ئامانج کردنی هاووڵاتییان درێژەی هەیە.
ناوبراو وەبیری هێنایەوە: لەم بەرودۆخەدا کۆمەڵگای نێونەتەوەیی مۆڵەتی هێرشێکی دیکە بە تورکیا نادەن ئەمەش لە حاڵێکدایە کە ئەو وڵاتە هەموو ڕۆژێک هاووڵاتییانی بێ پەنا دەکاتە ئامانج.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
بۆچوونی بەکارهێنەران