شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مستەفا کازمی کۆ بووەوە
پوختەی هەواڵ
کوردپرێس:
تۆڕی میدیاییی ڕووداو ڕایگەیاند شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە سەردانی بەغدای کردبوو لە یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی عێراق دیداری کرد و لەو کۆبوونەوەیەدا "بەچڕی گفتوگۆ لەسەر بژاردەکانی هەردوولا بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر کراوە".
شاندەکەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی حکوومی و حیزبی لە بەغدا کۆدەبنەوە، لەدوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عیراق لە رۆژانی داهاتوودا کۆبوونەوەکانی شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بەردەوام دەبێت.
سەردانی ئەمجارەی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردنە لەبارەی چەند دۆسیەیەک، لە سەرووی هەموویانەوە دۆسیەی نەوت کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی پێشوەختەی لەسەر رادەستکردنی بڕێکی دیاریکراو بە حکوومەتی عێراق داوە.
جەمال کۆچەر، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو لە گفتوگۆی ئەمجارەدا چەند پرسێک تاوتوێدەکرێن، لە سەرووی هەموویانەوە پرسی نەوت، چونکە گرێکوێرەی هەموو پرسەکانی دیکەیە. هەروەها باسی بودجە، داهاتی خاڵە سنوورییەکان، داهاتی نێوخۆیی، سەردانی لیژنەی چاودێری بۆ خاڵە سنوورییەکان و راپۆرتی چاودێریی دارایی دەکرێت.
سەردانەکە لە کاتێکدایە رێکارەکانی تایبەت بە رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت کاریگەریی گەورەیان لەسەر ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان بەجێهێشتووە. د. ریاز مەسعودی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی سائیروون کە لەلایەن موقتەدا سەدر پشتیوانیی دەکرێت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند بوو کە خواستێکی راستەقینە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هەیە.
د. ریاز مەسعودی باس لەوە دەکات، "لە هەرێمی کوردستان بۆچوونی جیاواز هەن، باشتر وایە بۆچوونەکان یەکبخرێن و هەرێمی کوردستان لەپێناو عێراق کە هەمووان دەگرێتەوە، سازش بکات بۆ ئەوەی بەغدا و هەولێر بگەنە رێککەوتن".
پێش چوونی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ هەرسێ سەرۆکایەتییەکە و بەشێکی زۆری هێزە سیاسییەکان کۆبووەوە. نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، كاتى ئهوهيه بگهينه تێگهيشتنێكى هاوبهش و ههموو دۆسيهكان يهكلایی بكهينهوه.
رۆژی دووشەممە 2020/06/22 مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە دانوستاندن لەگەڵ حکوومەتی عێراقی کرد. مەسروور بارزانی رایگەیاند، بۆ چارەسەری بنەڕەتیی کێشەکان، ئامادەین لەگەڵ حکوومەتی عێراق رێککەوتنێکی گشتگیر بکەین.
بۆچوونی بەکارهێنەران