دەمیرتاش بۆ ئاکەپە: ئەگەر هەزار جاریش سزای هەتاهەتایی بسەپێنن، ناتوانن بمانوەستێنن
پوختەی هەواڵ
کوردپرێس: رۆژی سێشەممە دانیشتنی نۆزدەهەمین دادگای تاوانی قوڕس-ی ئەنقەرە لەسەر دۆسیەی سەڵاحەدین دەمیرتاش بەڕێوەچوو، کە بە سیستمی دەنگ و رەنگ بەشداری دانیشتنەکەی کرد.
دەمیرتاش لە چوارچێوەی مافی خۆپاراستندا وتی: "مەبەست لە هاتنمان و کۆبوونەوەمان لە هۆڵی دادگا، دادگایی کردن نییە، من وەک تۆمەتبار و پارێزەرەکانیشم بە مەبەستی پاراستنی من و ئێوەش وەک لایەنی دەسەڵاتدار بەمەبەستی دادگایی کردن لێرە کۆ نەبوونەتەوە، بەڵکوو مەبەستتان جێبەجێ کردنی ئامانجە سیاسیەکانی دەسەڵاتداریەتی حکوومەتی ئاکەپە و بە تایبەت سەرۆکی گشتی ئاکەپە رەجەب تەییب ئەردۆغانە، بە مەبەستی ئەوەی رێگای بۆ بکەنەوە و کۆتایی بە ئۆپۆزسیۆن بهێنن".
دەمیرتاش وتیشی: "ئەم رژێمە یەک پیاوییە، کە ئێوە دەیپارێزن، بووە بە هۆکاری دروست بوونی قەیرانی ئابووری و بێ پلانی و گەندەڵی و بەو هۆیەشەوە ئیدی گەیشتووەتە ئاستێک کە مرۆڤەکان خۆیان دەکوژن، هیچ رێکخراوێک لە گۆڕەپانەکەدا نەماوە، دادگایی کردنیش نەماوە. باش یان خراپ، سیستمێکی دادگایی کردن هەبوو، ئیدی ئەویش نەماوە، هەموو شتێک بەستراوەتەوە بە تەنها پیاوێک. پیاوێک کە نە دەتوانێت پارتەکەی بەڕێوەبەرێت و نە ئەم وڵاتە".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
بۆچوونی بەکارهێنەران