سنوورە زەمینییەکانی ئێران بۆ ماوەی 15 ڕۆژ داخران
پوختەی هەواڵ
بەشی ئێران- وتەبێژی گومرگی ئێران ڕایگەیاند هەموو سنوورە زەمینییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بۆ ماوەی 15 ڕۆژ بەسەر ڕێبواراندا دادەخرێت.
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆحۆڵا لەتیفی لەبارەی دوایین دۆخی سنوورەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەبەشی موسافیراندا وتی: بەئاوڕدانەوە لە ڕاگەیێنراوی کۆمەڵەی نەتەوەیی بەرەنگار بوونەوەی کۆرۆنا و وەزارەتی ناوخۆ بۆ پێشگرتن لە جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا سنووری زەمینیی ئێران لەبەشی سەردانیکەران لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە ئەمڕۆ 4ی بەفرانبارەوە بۆ ماوەی 15 ڕۆژ داخرا.
ناوبراو درێژەی دا: لە ئێستادا ئەم بڕیارە بۆ سنوورەکانی تورکیا، عێراق، ئەفغانستان، ئازەربایجان، پاکستان و ئەرمەنستان یەکلایی بووەتەوە و مەرزی زەمینی بۆ موسافیران و گەشتیاران بۆ ماوەی دوو هەفتە داخراو دەبێت.
وتەبێژی گومرگی ئێران جەختی کردەوە سنوورەکانی ئێران لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێ لەبەشی بازرگانی و بارهەڵگرەکاندا کراوەیە و بەشێوەی ئاسایی خۆی درێژەی پێدەدرێت.
زیاتر بخوێنەوە
هەواڵی پێشوو و داهاتوو
بۆچوونی بەکارهێنەران