هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ هەموو خەڵکی عێراق
پوختەی هەواڵ
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، ۲۷ـی ئەیلوولی ۲۰۲۵، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکووومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا لە کۆنفرانسی ئەکادیمیی ساڵیادی "نیقییە"، ڕایگەیاند: دوای وەستانێکی دوو تا سێ ساڵە، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی دەرەوە دەستیپێکردووەتەوە و جەختی کردەوە "ئەم ڕێککەوتنە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ هەموو خەڵکی عێراق، بەتایبەتی خەڵکی هەرێمی کوردستان".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێم هیواشی خواست، ئەم گرێبەست و ڕێککەوتنە ببێتە هۆکارێک بۆ پێشخستنی ژێرخانی ئابووری و خزمەتکردنی تەواوی هاووڵاتییان.
مەسروور بارزانی سوپاسی هەموو ئەو کەسایەتی و لایەنانەی کرد کە ڕۆڵێکی گرنگیان لە سەرخستنی ئەم پڕۆسەیەدا بینیوە. بەتایبەتی، جەختی لە ڕۆڵی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کردەوە، چ لە واشنتن، چ باڵوێزیان لە بەغدا، یان کونسوڵی گشتیان لە هەولێر، بەوەی پاڵپشتییەکی گەورەیان پێشکەش کردووە بۆ گەیشتن بەم ئەنجامە.
بۆچوونی بەکارهێنەران