سەرۆکی هەرێم جەخت لە بەهێزکردنی لێکگەیشتن لەنێوان هەموو لایەنە عێراقییەکان دەکاتەوە
پوختەی هەواڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی ئهمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر کرد و لە کۆبوونەوەیێکدا باسیان لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی عێراق بە رۆحی هاوکاری و هاوبەشیی نیشتمانی کردەوە.
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی و هادی عامری کۆبوونەتەوە و دۆخی وڵات و گرنگیی پارێزگاری کردن لە یەکڕیزیی نیشتمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ناوچهیی و نێودەوڵەتییەکانیان تاوتوێ کردووە.
پێشهاتە سیاسییەکان و دۆخی عێراق، هەروەها پرسە هاوبەشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پەیوەندییەکانیان بە جۆرێک "بەرژەوەندیی نیشتمانی دەستەبەر بکات"، لە کۆبوونەوەکەدا باسی لێوەکرا.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "نێچیرڤان بارزانی گرنگیدانی هەرێمی کوردستانی بۆ بەردەوامیی هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ هەموو هێزە نیشتمانییەکان لە عێراق دووپات کردەوە، هەروەها جەختی لەسەر گرنگیی پشتگیری کردنی هەوڵەکانی حکوومەتی فیدراڵ کرد لە بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری و بەهێزکردنی هاوبەشیی نیشتمانی کە لە بەرژەوەندیی تهواوی وڵاتدایه".
بۆچوونی بەکارهێنەران