پەنا بۆ دەستی دەرەكی بردرا بۆ ئەوەی كێشە بۆ هەڵبژاردنێكی بێگەرد دروست بكرێت
پوختەی هەواڵ
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ یان برایێم کونسوڵی گشتی فەڕەنسا لە سەڵاحەدین کۆبوونەوە، هەروەها گفتوگۆیان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەکە یان برایێم کونسوڵی گشتی فەڕەنسا لە هەولێر رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەدان كە هەرێمی كوردستان بەهێز و سەقامگیر بێت و ئاڵۆزی و نیگەرانییەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم چارەسەر بكرێن.
ئاماژەی بەوەشکرد، فەڕەنسا ئامادەیە بۆ هاوكاریكردنی لایەنەكانی هەرێمی كوردستان لەپێناو تێپەڕاندنی قەیرانە سیاسیەكان و چارەسەركردنی گرفتەكان لەگەڵ حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ.
لە بەرامبەردا مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، پارتی بنیاتنەری شەرعیەت و هەڵبژاردنی هەرێم بووە، ماوەی دوو ساڵە پارتی هەموو هەوڵێكی دا كە هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت بەڵام ڕێگریی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كرا.
ئاماژەی بەوەشکرد، بە ئاشكرا پەنا بۆ دەستی دەرەكی و دادگەی فیدڕاڵ بردرا بۆ ئەوەی كێشە بۆ هەڵبژاردنێكی پاک و بێگەرد دروست بكرێت، بێبەشكردنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیەكان لە هەڵبژاردن، بێبەشكردنی سەدان هەزار دەنگدەر لە دەنگدان، بێبەشكردنی هەڵەبجە لە ژمارەی راستەقینەی كورسیەكان و سەپاندنی ڕێوشوێنی نادروست لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، وا دەكات كە هەڵبژاردن تەعبیر لە دەنگی ڕاستەقینەی خەڵكی كوردستان نەكات.
مەسعوود بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، پارتی لەگەڵ ئەوەیە كە هەڵبژاردنێكی پاک و ئازاد بە بێ دەستێوەردان و دیزاینی پێشوەختە بەڕێوەبچێت، هەڵوێستی پارتیش لەبەر ئەوە بوە كە پیلانی دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی خەڵكی كوردستان سەرنەگرێت.
بۆچوونی بەکارهێنەران