شوێنی بانەری ڕیکلام (728x90)
خبر نووسەر: کوردپرێس 2024-01-07 07:18 کاتی خوێندنەوە: 2 خولەک بینین: 0 (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

مقاوەمەی ئیسلامی بە هەڵە بارەگای پێشمەرگەی کردوەتە ئامانج

پوختەی هەواڵ
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپرسی رێکخراوی بەدر لە کەرکووک رایگەیاند: مقاوەمەی ئیسلامی بە هەڵە بارەگای پێشمەرگەی کردوەتە ئامانج.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، محەمەد مەهدی بەیاتی، بەرپرسی رێکخراوی بەدر لە کەرکووک كە سەربە حەشدی شەعبییە، بە ڕووداوی راگەیاندووە: "دڵنیام لەوەی بە ئامانجکردنی بارەگای پێشمەرگە بە هەڵە کراوە. ئامانجی یەکەم و کۆتایی تەنیا هێزی داگیرکاری ئەمریکایە. هیچ کاتێک هێزەکانی مقاوەمە لە دژی هێزەکانی پێشمەرگە چالاکی نەبووە و نابێتە ئامانجیان".

بەرپرسەكەی رێكخراوی بەدر وتوویەتی: "مقاوەمەی عێراقی لە سەرەتای ۲۰۰۳وە هەمان بۆچوونی هەبووە و ئەمریکای بە هێزی داگیرکەر زانیوە و بەمشێوەیەش رەفتار و مامەڵەی لەگەڵدا کردووە. ئەوان بە بڕیار و ڕاسپاردەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە نەهاتوون، بەڵکوو خۆیان بڕیاری داگیرکردنی عێراقیان دا. هەروەها ئەمریکا لە خەمی قوربانییەکانی کیمیابارانی هەڵەبجە، ئەنفال و کۆمەڵکوژییە جیاوازەکانی نەجەف و کەربەلا و پێکهاتەکانی دیکە نەبووە، بەڵکوو تەنیا بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی هاتووە."

بەرپرسی رێکخراوی بەدر لە کەرکووک، وتووشیەتی: "ڕاستە حکوومەتی عێراق لەگەڵ ئەمریکا لە بواری مەشق و ڕاهێنان و ڕاوێژی سەربازی، رێککەوتنی کردووە، بەڵام ئەمریکییەکان بەپێچەوانەی رێککەوتنەکە ڕەفتار دەکەن. چەندین بنکەی سەربازیی و سەربازگەیان لە عێراق هەن و نزیکەی پێنج هەزار سەربازی شەڕکەریان بە فڕۆکە و هێلیکۆپتەر و تانک و زریپۆش و تەکنۆلۆژیای سەربازیی هەیە."

محەمەد مەهدی بەیاتی ئاماژەی بەوەدا کە "ئەمریکا هیچ کاتێک هاوکاریی عێراقی نەکردووە و هەمیشە خۆی سەپاندووە، تەنانەت داهاتی نەوتە فرۆشراوەکانی عێراقیش دەچێتە بانکەکانی ئەمریکا و لەوێ دەستیان بەسەردا دەگیرێت".

ئەو بەرپرسەی رێکخراوی بەدر پێیوایە، ئەگەر ئەمریکاش نەبێت، هێزەکانی عێراق دەتوانن ڕووبەڕووی مەترسییەکانی تیرۆر ببنەوەو وتوویەتی: "هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە پێشمەرگەشەوە خاوەنی زیاتر لە ۷۵۰ هەزار سەرباز دەبن و دەتوانن سنوورەکانیان بپارێزن و یاسا بسەپێنن و پارێزگاری لە ئاسایشی وڵات بکەن".

ناوبراو ئەوەشی خستۆتەڕوو: "ئەگەر پەرلەمان داوای کشانەوەی ئەو هێزانە بکات، ئایا ئەمریکا ڕێز لە ئیرادەی گەلی عێراق و سەروەریی عێراق دەگرێت؟ بۆیە سەرۆک‌وەزیران فەرمانی کرد بە پێکهێنانی لیژنەیەکی دانوستاندنکار لەگەڵ ئەمریکا و پێیان ڕادەگەیەنن کە دوای کۆتایی‌هاتنی پشووی پەرلەمان، نوێنەرانی گەل بۆ دەرکردنی ئەم هێزانە، دەنگ بە یاسایەک دەدەن."

شایانی باسە ڕۆژی ۳۰-۱۲-۲۰۲۳ بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش‌کرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگە لە سنووری پیرمام لە پارێزگای هەولێر، بەڵام جگە لە زیانی مادی، زیانی گیانی لێ نەکەوتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
(0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.
یاریدەدەری زیرەکی هەواڵ
هەواڵە تازە و گرنگەکان خێرا پێداچوونەوە بکە