سەرۆک وەزیرانی هەرێم و باڵیۆزی بەریتانیا جەخت لە پاراستنی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق دەکەنەوە
پوختەی هەواڵ
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت، پێشوازیی لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا، دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و ئەمنیى عێراق و ناوچەکە و چارەسەر کردنی کێشەکانی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ و پەرەپێدانی پەیوەندی دولایەنە تاوتوێ کران.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و دوورخستنەوەی لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و پاراستنی سەلامەتیى هێزەکانی هاوپەیمانان و باڵیۆزخانەو نێردە دیپلۆماسییەکان لە عێراق."
هەر بەپێی راگەیەندراوەکە: "پێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا و ئامادەکارییەکان لەمبارەیەوە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو".
بۆچوونی بەکارهێنەران