سەرۆکی هەرێم و هاوسەرۆکی یەکێتی کێشەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ حکوومەتى فیدراڵى عێراق تاوتوی دەکەن
پوختەی هەواڵ
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نێچیرڤان بارزانى، لە هەولێر پێشوازىی لە بافڵ تاڵەبانى کرد و جەختیان لە پێویستیى یەکڕیزى و تەبایى و هاوئاهەنگیی نێوان لایەنەکان کردەوە.
کوردپرێس: بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان و لێکەوتەکانى بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆڤید_19 بەتایبەتى لە بوارى ئابووریدا باسی لێوە کراوە.
هەروەها پرسی قەیرانى دارایی "کە دۆخێکى سەختى هێناوەتە ئاراوە و کاریگەریی نەرێنى کردووەتە سەر ژیان و گوزەرانى هاووڵاتیان، کێشەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ حکوومەتى فیدراڵى عێراق و گفتوگۆ و هەوڵى چارەسەرکردنیان و چەند پرسێکى دیکەی کۆبوونەوەکە بوون.
هاوکات هەردوولا جەختیان لە گرنگى و پێویستیى یەکڕیزى و تەبایى و هاوئاهەنگیی نێوان لایەن و پێکهاتەکانى هەرێمى کوردستان "بۆ تێپەڕاندنى ئەم دۆخە و سەختییەکان و بەرەنگاربوونەوەى تەحەدییەکانى قۆناخەکە و داهاتوو کردەوە".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
بۆچوونی بەکارهێنەران