بۆ بەرگری کردن لە خاکەکەمان لە ئامادەباشیی تەواوداین
پوختەی هەواڵ
فەتحۆڵڵا حسێنی، ئەندامی نووسینگەی نوێنەرایەتیی ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا لە هەرێمی کوردستان لە وەڵامی ئەم پرسیارەی کوردپرێسدا کە ئایا هێرشی تورکیا نزیکە یان نا و ئیدارەی خۆسەر چ سیاسەتێکی لەمبارەوە دەبێت؛ وتی: هەڕەشەکانی تورکیا جیددین و هەموو ڕۆژێک ناوچە سنوورییەکان بۆردوومان دەکرێن. تورکیا پێبەندی ڕێککەوتننامەی ئاگربەست لەگەڵ ئەمریکا و ڕووسیا نییە.
ناوبراو درێژیە دا هێرشە نوێکانی تورکیا لەلایەن ئەو وڵاتانەی کە لە سووریا ڕۆڵ دەگێڕن قبووڵکراو نییە. ئەمجارەیان تورکیا بەنیازە هێرش بکاتە سەر تەلڕەفعەت و ئەم ناوچانە بەهۆی نزیک بوونیانەوە لە ناوچە شیعەنشینەکانی «نبل» و «الزهرا» و ئەو ناوچانەی ئێرانی لێیە؛ ئەم ئەگەرە لە ئارادایە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی ئەم هێرشەوە لەگەڵ ئەنقەرە نەبێت و ڕووسیاش تا ئەم کاتە دژایەتیی خۆی لەبارەی هێرشی تورکیاوە نیشان نەداوە.
فەتحۆڵڵا حسێنی وتیشی: تورکیا بەتەمای داگیر کردنی هەموو ناوچەکانی کوردستانی سووریایە. سیاسەتی تورکیا ئەمەیە کە ناوچە کوردنشینەکان و باکووری سووریا لەو وڵاتە داببڕێت و سیاسەتی پاوانخوازیی خۆی لەم ناوچانە بە ئەنجام بگەیەنێت.
ناوبراو وەبیری هێنایەوە: ئەردۆغان نزیکی هەڵبژاردنەکان بوەتەوە و دەیهەوێت لە سەرقاڵبوونی جیهان بە شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینا کەڵک وەربگرێت و داگیرکاریی خۆی درێژە پێبدات بەڵام هێزەکانی ئێمە لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ وەڵامدارنەوەی هەر هێرشێک و داوایش لە کۆمەڵگای جیهانی دەکەین کە تورکیا ڕابگرن.
بۆچوونی بەکارهێنەران