ڕووسیا دەیهەوێت کوردەکان لەژێر کونترۆڵی دیمەشقدا بن
پوختەی هەواڵ
نافێع عەبدوڵڵا «نافێع عەبدوڵڵا» ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (PDK.S) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە دیداری ئەم دواییەی نوێنەرانی ئیدارەی خۆسەر و بەرپرسانی ڕووسیا لە مۆسکۆ و ڕایگەیاند: ڕووسیا هیچ کات ڕێگاچارەی سیاسیی بۆ گەلی سووریا و کوردەکان نییەو ڕووسیا ڕایدەگەیەنێت هەر چییەک حکوومەتی ناوەندیی بە کوردەکانی بدات ئێمە کێشەمان لەگەڵی نابێت.
ناوبراو وتیشی: ئەمەش دەریدەخات کە ڕووسیا دەیهەوێت لەڕێگای دانوستانی نێوان حکوومەتی ناوەندی و کوردەکانەوە کونترۆڵی حکوومەتی ناوەندی بەسەر هەموو سووریادا بسەپێنێت و دانوستانەکانیش هەر بۆ ئەم ئامانجەیە.
ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (PDK.S) ئاماژەشی دا بە بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا لە سووریا و ڕایگەیاند: ڕووسیا بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیدایە لە وڵاتانی ناوچەکە و لە سووریاشدا و بڕواشی بە ڕێگاچارەی سیاسی نییە.
نافێع عەبدوڵڵا وەبیری هێنایەوە: ڕووسیا بەدوای فیدراڵیزم لە سووریا نییە و ئامانجیشی لە دانوستانی نێوان کوردەکان و حکوومەتی ناوەندیی کونترۆڵی دەوڵەتی ناوەندییە بەسەر هەموو سووریا و بەتایبەتیش باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.
بۆچوونی بەکارهێنەران