سووریا پێویستی بە رێککەوتنێکی سیاسی هەمەلایەنە هەیە
پوختەی هەواڵ
نوێنەری ئیدارەی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لە لوبنان، دەڵێت: تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە سوپای سووریادا پێویستی بە دامەزراندنی سوپایەکی نیشتمانی یەکگرتوو هەیە کە ملكەچی دەسەڵاتێكی سیاسی شەرعی و یاسای خزمەتکردنی یەکگرتوو و باوەڕی بەرگری نیشتمانی بێت.
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەبدولسەلام ئەحمەد، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی "ریا نۆفستی" ڕووسیا ئاماژەی بەوەکردووە: یەکگرتن تەنها بابەتێکی سەربازی نییە، بەڵکوو پێویستی بە ڕێککەوتنێکی سیاسی هەمەلایەنە هەیە کە دووبارە داڕشتنەوەی بەیاننامەی دەستووری و گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر سیستەمی حوکمڕانی و پەیوەندی نێوان حکوومەتی ناوەندی و ناوچەكان لەخۆ بگرێت، لەگەڵ پێکهێنانی دەسەڵاتێکی ڕاگوزەر کە شەرعیەتی نیشتمانی هەبێت، توانای سەرکردایەتی کردنی قۆناغی داهاتوو و سەرپەرشتی کردنی دامەزراندنی دامەزراوەیەکی سەربازیی یەکگرتووی هەبێت.
نوێنەری ئیدارەی خۆسەر وتووشیەتی: بەبێ ئەم بناغە دەستووری و سیاسییانە، هەر باسێک لە یەکخستنی هێزەکان تەنیا بە تیۆری دەمێنێتەوە، یەکگرتن پێویستی بەوەیە سەرەتا دەوڵەتێک پێکبهێنرێت نەک گرووپی چەكداری پەرشوبڵاو.
بۆچوونی بەکارهێنەران