شوێنی بانەری ڕیکلام (728x90)
خبر نووسەر: کوردپرێس 2025-08-18 09:41 کاتی خوێندنەوە: 2 خولەک بینین: 0 (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

گەورەترین گۆڕی بە کۆمەڵ لە سنووری پارێزگای نەینەوا هەڵدەدرێتەوە

پوختەی هەواڵ
سەرۆکی تیمی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە عێراق ڕایگەیاند: دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە، دەستیان کردووە بە هەڵدانەوەی گەورەترین گۆڕی بە کۆمەڵ لە چاڵی خەسفە، لە سنووری پارێزگای نەینەوا، کە ڕووفاتی هەزاران قوربانی دەستی داعشی تێدایە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس،  ئەحمەد ئەسەدی، سەرۆکی تیمی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە عێراق، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە: قۆناغی یەکەمی هەڵدانەوەی گۆرە بە کۆمەڵەکە لە ۱۰ـی ئابی ئەم ساڵەوە دەستی پێکردووە.

خەسفە، چاڵێکی جیۆلۆجی قووڵە و قووڵییەکەی دەگاتە ۱۵۰ مەتر و تیرکەشی ۱۱۰ مەتر دەبێت، دەکەوێتە نزیکەی ۲۰ کیلۆمەتر لە باشووری مووسڵ، یەکێکە لە گەورەترین ئەو گۆڕە بە کۆمەڵانەی کە داعش بە کاری هێنا بۆ شاردنەوەی تەرمی قوربانییەکان لە کاتی کۆنترۆڵ کردنی مووسڵ، لە نێوان حوزەیرانی ۲۰۱۴ و تەمموزی ۲۰۱۷.

ئەسەدی ڕوونیشی کردەوە، تا ئێستا ژمارەی تەواوی قوربانییان لەم گۆڕە بە کۆمەڵە نەزانراوە، بەڵام پێشتر بەرپرسانی بوارەکە، مەزەندەیان کردبوو، ژمارەکە لە نێوان چوار تا ۱۵ هەزار قوربانی بێت.

باسی لەوەش کرد، لە نێو گۆڕەکەدا تەرمی هاووڵاتییانی هەموو نەتەوە و مەزهەبە جیاوازەکان هەن، هەروەها لە نێویاندا کارمەندانی سوپا و دانیشتووانی مووسڵ هەن، کە سەرجەمیان لە لایەن داعشەوە لەسێدارە دراون.

سەرۆکی تیمی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، لە کاتێکی وەک ئێستا قورسە بتوانرێت، تەواوی ئێسک و پرووسکی ڕووفاتەکان کۆبکرێنەوە، چونکە زۆرینەیان بەهۆی ئاوی گۆگردی ژێر خاکەوە لەنێو چوونە، ئەمەش وای کردووە ئەرکی پسپۆرانی پزیشکی دادوەریش لە وەرگرتنی نموونەی دی ئێن ئەی، بۆ ناسینەوەی قوربانییەکان ئاڵۆزتر بێت.

جگە لەو گۆڕە بە کۆمەڵانەی سەردەمی داعش، دەسەڵاتدارانی عێراق بەردەوامن لە دۆزینەوەی شوێنی ئەو گۆڕە بە کۆمەڵانەی کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەدام حوسێن .هەروەها لە ساڵی ۲۰۰۶ـەوە تا ئێستا، دەسەڵاتدارانی عێراق نزیکەی ۲۸۹ گۆڕی بە کۆمەڵیان دۆزیوەتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
(0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.
یاریدەدەری زیرەکی هەواڵ
هەواڵە تازە و گرنگەکان خێرا پێداچوونەوە بکە