بزووتنەوەی گۆڕان كار بۆ دروست کردنی بەرەیەکی سیاسیی کاریگەر دەكات
پوختەی هەواڵ
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دلێر عەبدولخالق وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان لە بڵاوكراوەیەكدا ڕایدەگەیەنێت: بە ئامانجی بەهێزکردنەوەی بزووتنەوەی گۆڕان و دروستکردنی بەرەیەکی سیاسیی کاریگەر بۆ هەڵبژاردنەکان، جڤاتی نیشتمانی بڕیاریدا لیژنەی تایبەتمەند بۆ گفتوگۆ و شێوازی ڕێککەوتنەکان فراوان بکات.
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەقی ڕاگەیەندراوەكەی دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان:
بە ئامانجی بەهێزکردنەوەی بزووتنەوەی گۆڕان و خۆئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنەکان، ڕۆژی شەممە ١٣ی ۷ی ٢٠٢٤، جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان کۆبوونەوەی نائاسایی خۆی گرێدا.
ئەجێندای سەرەکی کۆبوونەوەکە، کاری پێکەوەیی و بەیەکەوەکارکردن لەگەڵ چەند کەسایەتیەکی دڵسۆز و هەموو ئەو خەڵکە ناڕازییانەی خەونی گۆڕانکارییان لە دەست نەداوە، ئەمەش لەسەر بنچینەی پڕۆژەی سیاسیی، کە وەڵامدەرەوەی خواستەکانی خەڵکی کوردستان بێت. لەو ڕوانگەیەوە، جڤاتی نیشتمانی پەسەندی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنی لەگەڵ ئەو لایەنانە کرد، هاوکاتیش لیژنەی تایبەتمەند بۆ گفتوگۆ و شێوازی ڕێککەوتنەکان فراوانکرا، بە ئامانجی دروستکردنی بەرەیەکی سیاسیی کاریگەر.
بۆچوونی بەکارهێنەران