ڕاوێژکاری سەرۆکی کۆچکردووی عێراق هەڵویستی مەسعوود بارزانی لە سەردەمی نەخۆشیی مام جەلالدا ئاشکرا دەکات
پوختەی هەواڵ
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەخری کەریم، گەورە ڕاوێژکاری پێشووی مام جەلال سەرۆکی کۆچکردووی عێراق لە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتدا باسی پەیوەندییەکانی نێوان مام جەلال و مەسعوود بارزانی و ئەو کاتەش دەکات کە مام جەلال تێیدا نەخۆش کەوتووە.
فەخری کەریم دەڵێت: "هەردووکیان لاپەڕە سەختەکانی ڕابردووی نێوانیان پێچایەوە"و هەڵوێستێکی مەسعوود بارزانیش وەک نموونەی پتەوبوونی پەیوەندییەکانیان دەهێنێتەوە و دەڵێت: "کاتێک مام جەلال نەخۆش کەوت، مەسعوود بارزانی هۆشداری دایە هەر کەسێک کە بیەوێت زیان بە تاڵەبانی و خێزانەکەی بگەیەنێت.
ئەوەشی خستەڕوو کە مەسعوود بارزانی ڕێگربووە لەوەی باس لە پرسی جێگرەوەی مام جەلال بکرێت لە پۆستی سەرۆک کۆماردا و وتیشی، تاوەکوو مام جەلال هەناسە بدات کەس بۆی نییە لە سەرۆکایەتی کۆمار نزیک بێتەوە.
فەخری کەریم باس لەوەش دەکات کە خۆی دیدارێکی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و کوڕەکانی (بافڵ و قوباد) و ئاراسی برازای مام جەلال لەگەڵ مەسعوود بارزانیدا ڕێکخستووە و تێیدا بارزانی "بە زمانێکی باوکانە و برایانەی بێ سنوور قسەی کرد و وتی من خێزانی ئێوەم و کاتێکیش کە دیدارەکە تەواو بوو، هێرۆخان و قوباد تاڵەبانی و ئاراس شێخ جەنگی وتیان: هەرگیز قسەی وامان لێ نەبیستووە.
ناوبراو ڕاشیگەیاند، مەسعوود بارزانی پەرۆش بوو بۆ ئەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ دۆخی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بدۆزێتەوە.
فەخری کەریم لەو بڕوایەدایە کە ئەو دۆخە گرژەی ئیستا لە نێوان پارتی و یەکێتیدا دروست بووە تێدەپەڕێت و دەڵێت: "ئەمجارەش هاوشێوەی ڕابردوو ئەگەر مەترسی ڕووبەڕووی دۆزی کورد ببێتەوە، کورد بە یەکگرتوویی ڕووبەڕووی دەبێتەوە و ئەو کەسانەش بەهەڵەداچوون کە گرەو لەسەر پەرتکردنی یەکڕیزی کوردی دەکەن و دەیانەوێت لەسەر ئەم حزب و ئەو حزب گەمە بکەن.
بۆچوونی بەکارهێنەران