بەتووندی سەرکۆنەی هێرشی مووشەکی بۆ سەر کێڵگەی کۆرمۆر دەکەم
پوختەی هەواڵ
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هێرشە مووشەکییەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر پەیامێکی بڵاو کردۆتەوە.
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەفین دزەیی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیکس ڕایگەیاند: بەتووندی سەرکۆنەی هێرشی مووشەکی بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەم، ئەمە چەندەمین جارە هێرشی تیرۆرستانەی دەکرێتەسەر.
ناوبراو ڕاشیگەیاند: پێویستە حکوومەتی فیدڕاڵ ڕێوشوێنی خێرا بۆ ڕێگریکردن لەم مووشەکبارانە بگرێتەبەر.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە جەختیشی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەنگاوێک بۆ پاراستنی سەروماڵی کرێکارەکان و خەڵکی ناوچەکە دەگرێتەبەر.
هەر ئەمڕۆ شەممە بۆ سێیەمین جار لە ماوەی چوار ڕۆژدا بە مووشەک هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کە لەلایەن کۆمپانیای داناغازی ئیماراتی بەڕێوە دەبرێ.
بۆچوونی بەکارهێنەران