وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری هێزە چەكدارەكانی بریتانیا جەختی لە ویستی وڵاتەکەی بۆ ڕاهێنانی هێزی پێشمەرگە کردەوە
پوختەی هەواڵ
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازیی لە جەیمس هییپی وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری هێزە چەكدارەكانی بریتانیا كرد.
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە دیدارەكەدا وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری هێزە چەكدارەكانی بریتانیا پێزانینی وڵاتەكەی بۆ ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش دووپات كردەوە.
جەیمس هییپی هەروەها جەختی لە ویستی بریتانیا بۆ بەردەوامبوونی لە یارمەتیدان و مەشق و ڕاهێنانی هێزی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆردا كردەوە.
پەیوەست بە بارودۆخی عێراقیش وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری هێزە چەكدارەكانی بریتانیا ڕایگەیاند كە پێویستە هاوسەنگیی سیاسی و ئابووری لەنێو پێكهاتەكانی عێراقدا هەبێت.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان سوپاسی وڵاتی بریتانیای كرد كە لە شەڕی داعشدا یارمەتیدەری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بووە و هیوای بەرەوپێشڤەچوونی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بریتانیای خواست.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
بۆچوونی بەکارهێنەران