لە کوردستانی سووریا پاشماوەکانی نەوت هەڕەشە لە ژینگە دەکات
پوختەی هەواڵ
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رێکخراوی PAX هۆڵەندی کە لەو دەڤەرە چالاکە، دەڵێت لە ساڵی 2014وە گومانیان لەوە هەیە کە سەرچاوەکانی ئاوی ئەو ناوچەیە بە پاشماوە نەوتییەکان پیس بن و ئەوەش زیانێکی گەورەی ژینگەیی لەو ناوچەیە داوە کە سەر بە پارێزگای حەسەکەیە.
پاکس دەڵێت، دزەکردنی نەوت بۆ زەوییە کشتووکاڵییەکان ژیانی دانیشتووانی گوندەکانی ئەو دەڤەرەی خستووەتە مەترسییەوە.
سەرەڕای زۆربوونی بیرە نەوتییەکان لەو ناوچەیە، بەڵام زۆر بە شێوازی سەرەتایی نەوت دەپاڵێورێت.
بەریڤان عومەر، بەرپرسی ژینگەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند: "زیانی زۆر بە ناوچەکە کەوتووە. ئەگەر چارەسەر نەکرێت، رۆژ لەدوای رۆژ خراپ دەبێت. ئێمە دەگەینە خاڵێک کە ئیدی زیانەکانمان پێ چارەسەرناکرێن. چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە ئاسان نییە، چوونکە سەرچاوەی دارایی زۆری دەوێت".
بە یارمەتیی هێزەکانی ئەمریکا بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە کوردستانی سووریا ناوچە نەوتییەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریای کۆنترۆڵ کردووە و بووەتە سەرچاوەیێکی داهات. رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەڵێن پیس بوونی ئاوی ئەو ناوچەیە بە تەنیا زیان لە کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی ئەو ناوچەیە نادات و هۆشداری لە پیسبوونی ئاوی خواردەنەوەی ناوچەکەش دەدەن.
جووتیاران و ئاژەڵدارانی ئەو ناوچەیە لە کوردستانی سووریا دەڵێن بەهۆی پیس بوونی سەرچاوەکانی ئاو، ئاژەڵەکانیان مرداردەبنەوە و زیانێکی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵی ئەو دەڤەرە گەیشتووە.
چارەسەرکردنی کاریگەرییە ژینگەییەکان لەو دەڤەرەدا هەروا ئاسان نییە. خاوێن کردنەوەی رووبارەکان و زەوییە کشتوکاڵییەکان پارەی زۆریان دەوێت. شێوازی بەکارهێنان و پاڵاوتنی نەوتیش ئەستەمە بەو زووانە بگۆڕدرێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
بۆچوونی بەکارهێنەران