شوێنی بانەری ڕیکلام (728x90)
خبر نووسەر: کوردپرێس 2020-01-31 17:44 کاتی خوێندنەوە: 3 خولەک بینین: 0 (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

سەدر داوای خۆپیشاندانێکی جیاواز دەکات و لایەنە سیاسییەکان بە شکستخواردوو ناو دەبات

پوختەی هەواڵ
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- موقتەدا سەدر ڕابەری ڕەوتی سەدر پێی وایە، لایەنە سیاسییەکان شکستیان خوارد لە پێکهێنانی حکوومەتێک کە مشتومڕی لەسەر نەبێت، داواش لە خۆپیشاندەران دەکات بە خۆپیشاندانێکی جیاواز “شۆڕشی چاکسازی بکەن”، و بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، خۆپیشاندانی فراوان لە نزیک گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا ساز بکەن.

کوردپرێس:

سەرلەئێوارەی ڕۆژی هەینی 31ی کانوونی دووهەمی 2020، موقتەدا سەدر لە تویتێکیدا لە سەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، ڕایگەیاند”جارێکی تر سیاسییەکان شکستیان خوارد لە پێکهێنانی حکوومەتێک کە مشتومڕی لەسەر نەبێت، تا ئێستاش هەندێکیان ڕێگرن لە بەردەم هێنانەدی داواکارییە ڕەواکانی خۆپیشاندەران کە داواکاریی گەلن و خۆیان لە دادگایی کردنی گەندەڵکاران و پێکهێنانی کۆمسیۆنێکی سەربەخۆی بێخەوش بۆ هەڵبژاردنەکان و پەسەندکردنی یاسای هەڵبژاردنەکاندا دەبیننەوە، لەگەڵ پێکهێنانی حکوومەتێک کە وەزیرەکانی سەربەخۆبن و سەر بە هیچ حزب و میلیشیایەک نەبن”.

لە راگەیێنراوەکەیدا، موقتەدا سەدر، رێبەری ڕەوتی سەدر داوا دەکات لەماوەی چەند مانگی داهاتوودا هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوە بچێت، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ هەمان داواکارییەکەی ئایەتوڵڵا سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان کە ئەمڕۆ داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی کرد.

سەدر دەشڵێت، پێویستە سەرۆکوەزیران و وەزیرەکانی کابینەی داهاتوو سەربەخۆ بن، هەروەها کۆمیسیۆنی داهاتووی هەڵبژاردنەکان سەربەخۆ بێت. داواش دەکات خۆپێشاندانێکی فراوان لە بەغدا بکرێت و ئامادەکاری بکرێت بۆ مانگرتنی فراوان لە ناوچەی سەوز، بۆ ئەو مەبەستەش بە گوتەی خۆی لە داهاتوودا هەنگاوی گەورەتر دەنێن.

سه‌در ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "من له‌و باوه‌ڕه‌دام، شۆڕشی چاکسازیی ئاشتییانه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئێمه‌دایه‌، ئه‌مه‌ش له‌ رێگه‌ی ئه‌نجامدانی خۆپیشاندانێکی ئاشتییانه‌ی فراوانه‌وه‌ له‌ پایته‌ختی وڵات ده‌کرێت، به‌وه‌ی که‌ به‌غدا ناوه‌ندی بڕیاردانه‌.. بۆ فشارخستنه‌ سه‌ر سیاسییه‌کان له‌ پێناو پێکهێنانی حکوومه‌تێک به‌گوێره‌ی داواکاریی مه‌رجه‌عی باڵا و گه‌ل، پێویسته‌ ئاماده‌کاری بۆ خۆپیشاندانێکی فراوان و ئاشتییانه‌ له‌ نزیک ناوچه‌ی سه‌وزی شاری به‌غدا بکرێت و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌بێت هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منییه‌کاندا بکرێت".

بە وتەی سەدر”بەرژەوەندی لە شۆِڕشی چاکسازیی ئاشتیانە لەڕێی ئەنجامدانی خۆپیشاندانێکی ئاشتییانەوە دەبێت لە پایتەخت کە چەقی بڕیارە لە وڵاتدا، تا گوشار بخرێتە سەر سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتێک کە لەئاستی خواستی گەل و مەرجەعیەتدا بێت”.

سەدر دەڵێت”هەموو ئەوانەی لە گۆڕەپانەکانی خۆپیشاندانن، براتان و لێیان جیا مەبنەوە، جا بە دروشم بێت یان بە وتە یان بە کردەوە، ڕازیش نابم ناوی من بهێنرێت و باسم بکرێت، بەڵکو باسی نیشتمان بکەن و بڵێن: گەل دەیەوێت نیشتمان ڕزگار بکات”.

هەفتەی رابردوو موقتەدا سەدر داوای لە لایەنگرانی کرد، کە گۆڕەپانی خۆپێشاندان لە تەحریر چۆڵ بکەن، دوای ئەوە لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە رووبەڕووی رەخنە بووەوە، بەڵام لە راگەیێنراوەکەی ئەمڕۆیدا دەڵێت، ئەوانەی ئێستا لە گۆڕەپانەکانی خۆپێشاندانن برای ئێمەن.

راگەیێنراوەکەی رێبەری ڕەوتی سەدر لە کاتێکدایە ناوەندی چاودێریی تاوانەکانی جەنگ لە عێراق ڕایگەیاند، بەدرێژایی زیاتر لە سێ مانگ خۆپێشاندان دژی گەندەڵی، هەژاری، حکوومەت و لایەنە سیاسییەکان لە عێراق، تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 600 کەس کوژراون و نزیکەی 24 هەزار کەسی دیکە بریندار بوون و بە دەیان چالاکڤان و خۆپێشاندەر رفێندراون و دەستبەسەر کراون

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
(0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.
یاریدەدەری زیرەکی هەواڵ
هەواڵە تازە و گرنگەکان خێرا پێداچوونەوە بکە