لایەنەکانی ئەستانە و سووچی دەخوازن بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لەناو بەرن
پوختەی هەواڵ
عەبدولسەلام ئەحمەد، نوێنەری ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا لە لوبنان، لە وەڵامی پرسیارێکی کوردپرێسدا، کە دوای کۆبوونەوەی ئەم دواییەی تاران لە نێوان سەرۆکەکانی ڕووسیا، تورکیا و ئێران و هەروەها کۆبوونەوەی نێوان پووتین و ئەردۆغان لەسۆچی، تورکیا بۆ هێرشی زەمینی بۆسەر کوردستانی سووریا مۆڵەتی وەرنەگرت بەڵام هێرشە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە لەدژی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر درێژەی هەیە؛ ئەمە مانای چییە؟ ناوبراو ڕایگەیاند: سیاسەتی تورکیا لە دوای سەرکەوتنی کۆبانی و هەروەها سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی گەلان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ٢٠١٥ لە تورکیا، بەرامبەر بە کورد گۆڕاوە. پاشان لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی ئاستانە و سووچی و بە هەماهەنگی و رێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی سوریا، پلانی لەناوبردنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داڕێژرا.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لەسەر بنەمای ئەم کۆبوونەوانە و ڕێککەوتنی لایەنەکانی ئامادەبوو لە ئاستانە و بە هاوکاری هەواڵگری تورکیا و سووریا، لە ساڵی ٢٠١٦ ترابلۆس، لە ٢٠١٨ عەفرین، و لە ٢٠١٩ سەرێکانی و گرێسپی لەلایەن تورکیاوە داگیرکران ئەوەش بەمەبەستی لاواز کردن و لە کۆتایشدا لەناوبردنی ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا.
ناوبراو ئاماژهی بهوهش کرد: تورکیا له ناوچه داگیرکراوهکاندا دەستی بە گۆڕانی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە کردووه و وهکوو ناوچهیهکی تورکیا مامهڵهیان لەگەڵدا دهکات و ئهمهش وایکردووه حکوومهتی سووریا ناڕهزایهتی بگرێتە بەر، چوونکه حکوومهتی سووریا ئهو ناوچانهی وەکوو ئەمانت ڕادەستی تورکیا کردبوو تا ئەو کاتەی ڕێگاچارەیەکی سیاسی بۆ قەیرانی سووریا دەدۆزرێتەوە.
ئەحمەد ئاماژەی بەوەش دا: لە لایەکی دیکەوە رێککەوتن کرابوو کە تورکیا ئۆپۆزسیۆنی دیمەشق لە شام و غوتە و دەرعا و حومس بگوازێتەوە بۆ عەفرین و ناوچە داگیرکراوەکانی تر و لە لایەکی دیکەشەوە لە ئیدلب، بەرەی نوسرە کە لقێکی قاعیدەیە لە ناوچەکە بخاتە ژێر کۆنترۆڵ و کاریگەریی خۆیەوە.
ئەم سیاسەتوانە کوردە ئاماژەی دا بە سیاسەتی تورکیا بەرانبەر بە رێککەوتن لەگەڵ گرووپەکانی دیکە وتی: تورکیا لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی خۆی هەڵسوکەوت دەکات و بڕیاربوو ئۆپۆزسیۆن لە (رێگای ئێم 4) رێگای حەلەب بۆ لازقیە دوور بخاتەوە، بەڵام هەرگیز پابەند نابێت بە بەڵێنەکانی.
ناوبراو وەبیری هێنایەوە: مەبەست لە بڕیارەکانی ئەستانە و سووچی لاواز کردنی ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریایە، ئێستا چ بە شەڕی زەمینی ڕاستەوخۆ یان بە هێرشی تۆپخانە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لایەنەکانیش هەمان بۆچوونیان هەیە کە پێویستە ئەم ئیدارە لەناو ببرێت.
نوێنەری ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا لە لوبنان سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا بۆ سەر کوردستانی سووریا وتی: لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا ڕێگەی بە تورکیا نەدرا راستەوخۆ هێرش بکات. ئەگەر تورکیا هێرشی زەمینی ئەنجام نادات، ئەوە لەبەر ئێمە نییە، بەڵکوو بەهۆی ڕێککەوتنەکانیەتی لەگەڵ ڕووسیا و سووریا و ئێران، کە لەگەڵ هێرشی زەمینیی تورکیادا نین، چوونکە بڕوایان وایە ئەگەر تورکیا ناوچەیەک داگیر بکات چیدی بەجێی ناهێڵێت.
ئهحمهد ئاماژهی بهوهش کرد: ڕووسیا دهیهوێت تورکیا به هێرشی ناوەناوەی مووشەک و درۆن باکووری سووریا ناسهقامگیر بکات بۆ ئهوهی ئیدارهی خۆسەر ئهم ناوچهیه رادهستی حکوومهتی ناوهندی سووریا بکات.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: یەکێک لە ئامانجەکان ئەوەیە کە تورکیا بە زیاترکردنی هێرشەکان، هەسەدە ناچار بکات تا قووڵایی 30 کیلۆمەتر بکشێتەوە و هێزەکانی حکوومەتی ناوەندیی سووریا ئەو ناوچانە بخەنە ژێر کونترۆڵی خۆیان.
عەبدولسەلام ئەحمەد لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کە ئەگەری جێبەجێ کردنی ئەم سیاسەتە لە چ ئاستێکدایە، ڕوونی کردەوە: سەرکەوتنی ئەم پیلانگێڕییە بەسراوە بە خۆڕاگریی گەلەکەمان و دید و پاڵپشتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، هەروەها بێدەنگیی هاوپەیمانان لەبەرامبەر ئەم هەوڵانە لە بەرژەوەندیی تورکیا و ڕووسیا و حکوومەتی سووریایە.
ناوبراو وتیشی: هەڵبەت ئەگەری سەرکەوتنی تورکیا لەم بابەتەدا کەمە، چوونکە ئەم وڵاتە لەناوخۆدا ڕووبەڕووی قەیرانی گەورە بووەتەوە و یەکێک لە ئاستەنگەکانی دیکەی بەدرەم تورکیا بوونی بزووتنەوەی نوسرە و قاعیدەیە لە ئیدلب. شەڕی ئیدلب ناکۆکی نێوان لایەنەکان زیاتر دەکات.
ئەم سیاسەتمەدارە کوردە وەبیری هێنایەوە: وێنەیەکی ناڕوون لە پرسەکان لە بەردەمدایە، کە سەرێکیان بەستراوەتەوە بە قەیرانی جیهانی نێوان زلهێزەکان لە سووریا، سەرێکی تریشی بەسراوە بە قەیرانی ئۆکراینا و قەیرانەکانی دیکەی جیهانەوە.
نوێنەری ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا لە لوبنان ئاماژەشی دا بە ڕۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە بەرەنگاربوونەوەی ئەگەری هێرشی تورکیا و وتی: هێزەکانی سووریای دیموکرات هێزێکی بەهێزن و بە بەشێکی بەهێز لە هاوکێشەکانی سووریا دادەنرێن و ئامادەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک.
ناوبراو ئاماژهی بهوهش کرد: سهرکهوتنی گوشارهکانی ئەستانه و سووچی و حکوومهتی ناوهندیی سووریا بۆ لهناوبردنی ئیدارهی بهڕێوهبهریی خۆسەر بەسراوە به خۆڕاگریی گهل و هێزهکانمان و هەروەها هەڵویستی هاوپەیمانیی نێونەتەوەییەوە.
بۆچوونی بەکارهێنەران