وەزارەتی دەرەوەی تورکیا یادداشتێکی ناڕەزایی دەگەیەنێتە عێراق
پوختەی هەواڵ
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئانژۆ بیلگیچ، گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى تورکیا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، هەڵسوڕێنەرى کاروبارى باڵیۆزخانەى عێراقیان لە ئەنقەرە بانگهێشتى ئەو وەزارەتە کردووە و یاداشتننامەیەکى ناڕەزاییان پێداوە، ئەوەش لە بەرامبەر کاردانەوەى بەرپرسانى حکوومەتى عێراق بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی سوپاى تورکیا بۆسەر پەکەکە لە نێو هەرێمى کوردستان.
گوتەبێژەکەى وەزارەتى دەرەوەى تورکیا دەڵێت: پێشتر زۆر هەوڵیان داوە بۆ هەبوونی هاوئاهەنگى لەگەڵ حکوومەتى عێراق لە ئەنجامدانی ئەم ئۆپەراسیۆنە و ئۆپەراسیۆنەکانی دیکەش، بەڵام وەڵامێکى گونجاویان دەستنەکەتووە.
ناوبراو جەختی کردەوە: "هەروەک چۆن پەکەکە مەترسییە بۆ سەر ئاسایشى نیشتیمانیى تورکیا، ئاواش بۆ سەر یەکپارچەیی خاکى عێراق مەترسییە".
وەزارەتى دەرەوەى تورکیا رایگەیاندووە، ئەو هەنگاوە وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر بانگهێشت کردنى عەلی رەزا کوناى، باڵیۆزى وڵاتەکەیان لەلایەن وەزارەتى دەرەوەى عێراقەوە بووە.
18ـی نیسانی 2022 سوپاى تورکیا ئۆپەراسیۆنى وشکانی و ئاسمانى لە ناوچەکانی مەتین، زاپ و ئاڤەشین لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.
دوای ئەوە وەزارەتی دەرەوەى عێراق ناڕەزایی لە بەرامبەر ئەو هەنگاوەى تورکیا دەربڕى و بە پێشێلکردنى سەروەریی خاکى عێراق ناویبرد.
تورکیا دەڵێت، ئەو هەنگاوەی بەگوێرەى ماددەى 51ـى جاڕنامەى نەتەوەیەکگرتووکانە بۆ بەرگری کردن لە خۆى و دەشڵێت: "سەرەڕاى بێئەنجامیی هەوڵەکانمان بۆ هاوئاهەنگى لەگەڵ عێراق، تورکیا ئامادەى هاریکارییە لە دژى تیرۆر".
بۆچوونی بەکارهێنەران