فڕاکسیۆنی پارتی جەخت دەکاتەوە کە پرسی یاسای ھەڵبژاردنی هەرێم لە پەرلەمان یهكلایی بکرێتەوە
پوختەی هەواڵ
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دهڵێت، پێشتر ھۆشدارییان داوەتە سەرۆکی پەرلەمان بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان تا پرسی کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی ههڵبژاردنهكان و یاسای ھەڵبژاردن لەلایەن پەرلەمانەوە یەکلایی بکرێتەوە.
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بهمیدیای حزبهكهی ڕاگەیاندووه، "پارتی پڕۆژەی ھیچ لایەنێکی لەبارەی ھەڵبژاردن و ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەوە ڕەت نەکردووەتەوە، بەڵام ھیچ پڕۆژەیەک نەخراوەتە کارنامەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانەوە".
ناوبراو دهلێت: "ئێمە چاوەڕێ دەکەین لە کۆبوونەوەی پەرلەمان پڕۆژەکانی تایبەت بەھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بخرێنە کارنامەی کۆبونەوەی پەرلەمانەوە.''
زانا مەلا خالید ڕاشیگهیاندووه: ''دیار نییە کەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئێمە پێشتر ھۆشداریمان داوەتە سەرۆکی پەرلەمان بۆ کۆبوونەوە و کار بۆ ئەوە دەکەین کۆبوونەوەی پەرلەمان بەڕێوە بچێت بۆ ئەوەی پرسی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و یاسای ھەڵبژاردن لەلایەن پەرلەمانەوە یەکلایی بکرێتەوە.''
بۆچوونی بەکارهێنەران