شوێنی بانەری ڕیکلام (728x90)
خبر نووسەر: کوردپرێس 2021-11-25 16:06 کاتی خوێندنەوە: 2 خولەک بینین: 0 (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

بافڵ تاڵەبانی: پێشوازیی ھەر ھەوڵێک بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵک دەکەین

پوختەی هەواڵ
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی پێشوازیی لە یڤیس دوڤال، لێپرسراوی نووسینگەی کەنەدا لە ھەرێمی کوردستان کرد و باسیان لە بەرەوپێشچوونی پرۆسەی سیاسی، ئابووری و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان لەنێوان ھەردوولا کردووە.

کوردپرێس:

بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ دەرباز کۆسرەت رەسوول، کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پێشوازی لەیڤیس دوڤال، لێپرسراوی نووسینگەی کەنەدا لە ھەرێمی کوردستان کردووە و لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، بافڵ تاڵەبانی گوتوویەتی، "پێشوازی لە ھەر ھەوڵ و ھەنگاوێک دەکەین کە بنرێت بۆ باشترکردنی ژیانی کۆمەڵانی خەڵک، کاری لەپێشینەی یەکێتی بۆ سەرخستنی ھەنگاوەکانی چاکسازی و گۆڕانکاری ریشەییە لە بەڕێوەبردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە خەڵکی خۆمان و چاکسازییەکانی ناو رێکخراوەیی و حکومەتیش ھەر لەو پێناوەدایە."

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە دیدارەکەدا قۆناخی دوای ھەڵبژاردن لە عێراق، بەشداریی کورد لە حکومەتی داھاتوو، بەرەوپێشچوونی پرۆسەی سیاسی و ئابووری و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان لەنێوان ھەردوولا گفتوگۆی لەبارەوە کرا، بۆچوون و ھەڵوێستی یەکێتی لەو رووانەوە ئاماژەی پێکرا."

بافڵ تاڵەبانی لەبارەی پرۆسەی سیاسی لە بەغدا و گۆڕانکارییەکان روونکردنەوەی داوەتە میوانەکانی، پێی گوتوون، "بۆ ئەمڕۆ پێکھێنانی حکومەتی خزمەتگوزار، کارا و چالاک پێویستی قۆناخەکەیە و وەڵامدەرەوەی خواستی شەقام و داواکاری ھەموو لایەک دەبێت کە ئێمە پشتگیری لەم ھەوڵانە دەکەین لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری خەڵک."

لەبارەی چوونی شاندی کوردیش بۆ بەغدا، بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کرد، "یەکڕیزیمان و تەبایمان لە ناوەند زامنی پاراستنی مافەکانمان دەبێت و لە ھەوڵی دروستکردنی بەرەیەکی نیشتمانین تا بەیەک نامەی سیاسی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بچینە گفتوگۆوە."

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە هاوئاهەنگی و پێشخستنی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان لەنێوان ھەرێمی کوردستان و کەنەدا کرایەوە بەشێوەیەک خزمەت بە پرۆسەی گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووری ھەرێمی کوردستان بکات، ھانی کۆمپانیا و خاوەنکاران بدرێت سەرمایەکانیان لە ھەرێمی کوردستان بخەنە گەڕ و ھاوکار بن بۆ بوژاندنەوەی زیاتری بازاڕ و رەخساندنی ھەلی کار.

لێدوانەکەی بافڵ تاڵەبانی لەبارەی باشترکردنی ژیانی هاونیشتمانیان لەکاتێکدایە لە چەند رۆژی رابردوو خوێندکاران لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان خۆپێشاندانیان کرد. خوێندکاران داوای دەرماڵەیان دەکرد، دواتر داواکارییەکانیان بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان لە بەشەناوخۆییەکان گۆڕا. ئێوارەی رۆژی رابردووش لە بەشێک لە شارۆچکەکان، خەڵکی خۆپێشاندانیان کرد و داوای خزمەتگوزاریی زیاتریان کرد.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
(0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.
یاریدەدەری زیرەکی هەواڵ
هەواڵە تازە و گرنگەکان خێرا پێداچوونەوە بکە