ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان داوا لە هاووڵاتییان دەکات بەشداری لە هەڵبژاردنەکان بکەن
پوختەی هەواڵ
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاند، "پرۆسەی هەڵبژاردن باشترین بەرهەمی عەقڵی مرۆڤ و تاکە بژاردەی مەشرووع، شارستانی و گونجاوە بۆ دیاری کردنی نوێنەرانی خەڵک لەسەنتەری بڕیار و یاسادانان و ئیدارەی وڵاتدا، بۆیە داوا لە هاوڵاتیان دەکەن بەپاساوی گلەیی و بێ زاری بایکۆتی پرۆسەکە نەکەن، چوونکە بەوە لە مافێکی یاسایی خۆیان مەحرووم دەکەن و لەئەرکێکی شەرعی خۆتان دوا ئەکەون و فرسەت بەکەسانی نەشارەزاو لێ نەهاتوو ئەدەن نوێنەرایەتیتان بکات."
ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو لەپەیامێکدا باسی لەوەش کردووە، "یەکێک لەپیلانی گەندەڵکاران و خەڵکە نابەرپرسەکان ئەوەیە کە هەوڵ ئەدەن هاوڵاتیان بێ هیوا بکەن لە گۆڕانکاری و دەیانەوێ مەئیوسیان بکەن لە چاکسازی و ناچار بکرێن بەڕازی بوون بە نادادی و واقعی چەقبەستووی سەقەت، هەڵبژاردن هەنگاوێکی بنەڕەتیە لە پرۆسەی گۆڕانکاری و چاکسازیدا و ئەمڕۆ بەدیلی نیە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا."
ئاماژەی بەوەش کردووە، "سەلامەتی بانگەشەی هەڵبژاردن و دووری لە توندوتیژی لە هەڵمەتی ئەم پرۆسەیەدا جێگای دڵخۆشیە و بایەخی خۆی هەیە. ڕکابەری و منافەسەی هەڵبژاردن سروشتیە و بەمانای ناحەزی و دوژمنایەتی نیە. بەشەیتان کردنی یەکتر ڕەوشتێکی دواکەوتووە و سیاسەت نابێ خاڵی بکرێتەوە لەبەهاو ئەخلاق."
ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو ئەوەشی خستوەتەڕوو، داوا دەکەن سەرجەم هاوڵاتیان و چاکسازی خوازان "بەتێکڕا ئەم هەڵبژاردنە ڕۆژی 10/10 بکەینە کەرنەڤاڵی بەرەو چاکسازی ڕاستەقینە و گۆڕانکاری ڕیشەیی و سەقامگیری سیاسی و ئابووری".
بۆچوونی بەکارهێنەران