سەرۆکى هەرێمى کوردستان و باڵیۆزى نوێی ڕووسیا لە عێراق، جەخت لە خواستى دوولایەنە بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان دەکەنەوە
پوختەی هەواڵ
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازىی لە ئیلبروس کوتراشیڤ باڵیۆزى تازەى ڕووسیا لە عێراق و شاندێکى یاوەرى کرد لە کۆبونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لە خواستى دوولایەنە بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان و فراوان کردنى بوارەکانى هاریکارى و هاوبەشیى عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ ڕووسیا کردەوە.
ئەوەش هاتووە، باڵیۆزى ڕووسیا "سەرسامیى خۆى بە پرۆسەى ئاوەدان کردنەوە و بنیاتنان و پێشکەوتنەکانى هەرێمى کوردستان دەربڕیوە و ئاماژەى بەوە داوە کە وەزارەتى دەرەوەى وڵاتەکەى گرنگیى بە پرسى کورد دەدات، هەروەها باسى لە کوردانى ڕووسیا کرد کە لە زۆر بوارى گرنگى وڵاتەکەدا کاران و خاوەن ڕۆڵ و پێگەى دیارن".
سەرۆکایەتی هەرێم دەڵێت، جگە لە هەڵبژاردنەکانى پێشوەختە و دۆخى عێراق بەگشتى، کۆرۆنا و هەڵمەتەکانى کوتان بە پێکوتەى دژى پەتاى کۆڤید_19، دۆخى سووریا و دوایین پێشهاتەکانى وڵاتەکە، تەوەرێکى دیکەى کۆبونەوەکە بوو. تیایدا هەردولا هاوڕا بون کە دۆخى سووریا و کێشەکانى وڵاتەکە دەبێ لە ڕێگهی سیاسییهوه چارەسەر بکرێن.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
بۆچوونی بەکارهێنەران