لە دەباشان مەزڵووم عەبدی لەگەڵ قوباد و بافڵ تاڵەبانی کۆ بوویەوە
پوختەی هەواڵ
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆ بووەوە.
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نووسینگەی سەرۆکی یەکێتی بڵاویکردەوە: "بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازی لە جەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF) کرد و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، دۆخی سووریا و رۆژاڤای کوردستان تاوتوێکرا".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە: "جەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی باسی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن کرد و دوایین گۆڕانکارییەکانی دۆخی سووریای خستەڕوو. هەروەها سوپاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد بۆ هەڵوێست و پشتیوانییەکانی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا".
لەمیانەی کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند، "لە پشتیوانیکردنی ڕۆژاڤای کوردستان بەردەوام دەبین تاوەکوو دڵنیاببینەوە سووریا دەبێتە وڵاتێک کە هەمووان ماف و نوێنەرایەتیی خۆیان تێیدا دەبێت و حکوومەتەکەشی دەرخەری هەمەچەشنیی کۆمەڵگەی سووریا بێت".
بۆچوونی بەکارهێنەران