ئەرکی سەرەکیی حکوومەتی عێراق دەبێت کۆتاییهێنان بە هێزە چەکدارەکانی دەرەوەی دەوڵەت بێت
پوختەی هەواڵ
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند هێرشکردنەسەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، تاوانێکی تیرۆریستی گەورە و بە ئامانجگرتنی ژیان و گوزەرانی ڕۆژانەی خەڵک و ژێرخانی ئابووریی کوردستان و هەموو عێراقە.
ناوبراو وتیشی: چەند بارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە بۆسەر ژێرخانی ئابووریی کوردستان پەرەسەندنێکی مەترسیدارە و پێویستی بە هەنگاویی کردەییە.
تاڵەبانی ڕاشیگەیاندووە: ئەرکی حکوومەتی فیدراڵە بە خێرایی بکەران و ئەوانەی لە پشت ئەم هێرشەوەن بۆ رای گشتی ئاشکرا بکات و ڕووبەڕووی سزا و لێپرسینەوەی یاساییان بکاتەوە.
قوباد تاڵەبانی دەشڵێت: هەروەها جەخت دەکەینەوە بەردەوامی ئەم جۆرە هێرشانە لەلایەن گرووپ و هێزی دەرەوەی دەوڵەت چیتر قبوڵکراونییە و ناسەقامگیریی سیاسی و ئەمنی لێ دەکەوێتەوە. هەربۆیە هەنگاوی سەرەکیی حکوومەتی داهاتووی عێراق دەبێت کۆتاییهێنان بەم دۆخە و سزادان و کۆکردنەوەی گرووپ و هێزە چەکدارەکانی دەرەوەی دەوڵەت بێت.
بۆچوونی بەکارهێنەران