هیچ نیازێک نییە بۆ دووبارە سەپاندنەوەى سزاکانی ئەمریکا بەسەر سووریادا
پوختەی هەواڵ
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەیمس جێفری نوێنەری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەى بەوەش کردووە، سووریا پشتیوانییێکی فراوانی نێودەوڵەتیی هەیە لەلایەن ئەمریکا، تورکیا، وڵاتانی عەرەبی و نەتەوەیەکگرتووەکانەوە، بۆ ئەوەی ببێتە وڵاتێکى یەکگرتوو و سەقامگیر و ئاوەدان.
بەگوتەى نوێنەری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، ترەمپ بەگرنگییەوە لە سووریا دەڕوانێت وەک فاکتەری سەرەکی بۆ ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.
دەشڵێت، هیچ نیازێک نییە بۆ دووبارە سەپاندنەوەى سزا بەسەر سووریادا و خۆشحاڵیى خۆشى لە شێوازی مامەڵەکردنى ئەحمەد شەرع، لەگەڵ پرسە نیشتمانییەکان دەربڕى.
پێشتریش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، فەرمانێکی جێبەجێکاریی بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا واژۆکرد و پابەندیی خۆی بە پشتیوانی لە سووریایێکی سەقامگیر و یەکگرتوو دووپات کردەوە، بەجۆرێک بتوانێت بە ئاشتی لە ناوخۆ و لەگەڵ دراوسێکانیدا بژی.
فەرمانەکە هەڵگرتنی زۆرینەى سزاکانی سەر سووریا دەگرێتەوە، جگە لە هێشتنەوەی سزاکانی سەر بەشار ئەسەد و هاوکارەکانی، پێشێلکارانی مافی مرۆڤ، بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان، کەسانی پەیوەندیدار بە چالاکییەکانی چەکی کیمیایی، داعش و لقەکانی.
لە کاردانەوەی هەڵگرتنی سزاکانی سەر وڵاتەکەیدا، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا رایگەیاند، هەڵگرتنی سزاکان بەربەستی بەردەم بووژانەوەی ئابووری لادەبات، یارمەتیدەرە دەبێت بۆ کرانەوەیان بەڕووی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا و دەرگا بەڕووی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی وڵاتەکەدا دەکاتەوە.
بۆچوونی بەکارهێنەران