لە دژی داگیرکارییەکانی تورکیا سکاڵانامەیێک ئاڕاستەی سەرۆکی داواکاری گشتیی هەرێم دەکرێت
پوختەی هەواڵ
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، محەمەد ڕێكانی، ئەندامی داواکاری گشتیی هەرێم، نووسراوێکی بەدواداچوون ئاڕاستەی سەرۆکی داواکاری گشتیی هەرێم کردووە، لە دژی داگیرکاریی و دەستدرێژییەکانی تورکیا لەناو خاکی هەرێم، هەروەها داوا لە لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات ڕێکاری یاسایی بگرنەبەر لە دژی بەزاندنی سنووری هەرێم و پێشێل کردنی سەروەریی عێراق و ڕێگری کردن لە گوندنشینانی هەرێمی کوردستان کە بچنەوە گوندەکانیان.
ئەم سکاڵایە لە پاش بڵاوبوونەوەی دیمەنێک دێت کە سوپای تورکیا لە برادۆست ڕێگری لە گوندنشینان دەکەن بچنەوە گوندەکانیان و داوای کارتی نیشتمانییان لێ دەکەن و سووکایەتییان پێ دەکەن.
دەقی سکاڵانامەکەی د. محمد ڕێکانی ئەندامی داواکاری گشتیی هەرێم:
بەڕێز: سەرۆکی داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان
بابەت: ڕێکاری یاسایی
وەک بەڕێزتان ئاگادارن کە سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سەروەری خاکی وڵاتی عێراقدایە، هەر پێشێلکردنێکی ئەم سەروەرییە، دەبێتە پێشێلکردنی دەستووری عێراقی ٢٠٠٥ ماددەی ٨ و ٦٧ ،هەروەها ئەرکی سەرۆکی کۆماری عێراقە بەپێی ماددەکانی سەرەوە، کە سەروەری خاکی عێراق و کوردستان بپارێزێت، بەهەمانشێوەش ئەرکی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە بەپێی ئەو سوێندەی خواردوویەتی کە لەمادەی ٩ـی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی ساڵی ٢٠٠٥ هاتووە، کە یەکێتی و بەرژەوەندییەکانی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بپارێزیت، بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی بڵاو بووەتەوە دەردەکەوێت، کە هێزێکی سوپای تورکی لەناو خاکی کوردستان ڕێگە لە هاوڵاتییانی سڤیلی کوردستان دەگرن کە بچنەوە سەر گوند و شوێنی خۆیان، کە ئەمەش بە پێشێلکردنی دەستووریی و یاساییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دادەنرێت و سوکایەتی و پێشێلکردنی مافی هاوڵاتییانی کوردستانە، بۆیە داوا لە بەڕێزتان دەکەم ڕێکاری یاسایی بگرنەبەر بەپێی یاسا بەرکارەکان دژی ئەم سەرپێچیە و لایەنی کەم تەرخەم.

بۆچوونی بەکارهێنەران