سێ بارزانى هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن
پوختەی هەواڵ
به‌وته‌ى سهرچاوهیەکى ناو پارتى دیموکراتى کوردستان، ئه‌و حزبه بڕیاری داوه بۆ هه‌ڵبژاردنى خولى شه‌شه‌مى په‌رله‌مانى کوردستان، هه‌ر له‌و چوار پارێزگایه‌ى هه‌ڵبژاردنیان تێدا دەکرێت هه‌ڵمه‌تێکى چڕى هه‌ڵبژاردنى تێدا ئه‌نجام بده‌ن و بۆ ئه‌وه‌ش به بڕیارى مه‌سعوود بارزانى بڕیاردراوه "خه‌ڵکى کاریگه‌ر و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات بنێرنه پارێزگاکان".
به‌وته‌ى سه‌رچاوه باڵاکه، "سه‌رکردایه‌تى پارتى بڕیاری داوه، سه‌رپه‌رستى هه‌ڵمه‌تى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن له پارێزگاى هه‌ولێر و ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆران و ده‌وروبه‌رى به نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێم و هاوکات جێگرى سه‌رۆکى پارتى بسپێردرێت".
ئه‌وه‌شى وت: "سه‌رپه‌رستى هه‌ڵمه‌تى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن له پارێزگاکانى سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه و ئیدارەکانى گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین به مه‌سروور بارزانى سه‌رۆکى حکوومه‌ت و جێگرى سه‌رۆکى پارتى سپێردراوه".
بۆ سنوورى ده‌ڤه‌رى بادیانیش به‌گوێره‌ى وته‌ى سه‌رچاوه باڵاکه‌ى پارتى: "پارتى بڕیاری داوه مه‌نسوور بارزانى فه‌رمانده‌ى هێزى تایبه‌تى گوڵان سه‌رپه‌رستى هه‌ڵمه‌تى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن له پارێزگاى دهۆک و ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى زاخۆ‌و ده‌وروبه‌رى بکات".
ئه‌و سه‌رچاوه باڵایه‌ى پارتى دیموکراتى کوردستان جه‌ختیشی کرده‌وه، "تائێستا و دواى کۆبوونه‌وه‌ى سه‌رکردایه‌تى پارتى، بڕیارەکه به‌مشێوه‌یه‌یه بۆ هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنى خولى شه‌شه‌مى په‌رله‌مانى کوردستان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر لە کۆبوونه‌وه‌ى هه‌فته‌ى داهاتوودا بڕیارەکان بگۆڕدرێن ئه‌وه بابه‌تێکى دیکه‌یه".
بۆچوونی بەکارهێنەران