ڕێگه ناده‌ین هه‌رێم ببێته جێگه‌یه‌ک بۆ هێرشكردنه‌سه‌ر وڵاتانی دراوسێ
پوختەی هەواڵ
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی له په‌یامێكدا بڵاویكرده‌وه، "ئه‌مڕۆ بهخۆشحاڵییهكی زۆره‌وه پێشوازیمان له مه‌سعوود پزیشكیان سه‌رۆک كۆماری ئیسلامیی ئێران كرد، سه‌ردانه مێژوییه‌كه‌ی گرنگییه‌كی تایبه‌تی هه‌یه بۆ عێراق، هه‌رێمی كوردستان و به تایبه‌ت سلێمانی و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئه‌م سه‌ردانه درێژكراوه‌ی په‌یوه‌ندییه قووڵ و له‌مێژینه‌كه‌ی نێوان ئێمه و گه‌لی كۆماری ئیسلامیی ئێرانه كه سه‌رۆک مام جه‌لال ئه‌ندازیار و بناغه‌دانه‌ری بووه".
تاڵەبانی ڕاشیگه‌یاندووه، لهدیدارهكهمان له‌گه‌ڵ پزیشكیان جه‌ختمان له پابه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه به‌رامبه‌ر ئاسایش و سه‌قامگیریی وڵاتانی دراوسێ به‌تایبه‌ت گه‌لی ئێرانی دۆست و دووپات‌مان كرده‌وه، "ڕێگه‌ناده‌ین و نامانه‌وێت هه‌رێمی كوردستان ببێته جێگه‌یه‌ک بۆ هێرشكردنه‌سه‌ر سه‌روه‌رییه‌كانی وڵاتانی دراوسێ به‌تایبه‌ت كۆماری ئیسلامیی ئێران، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ی ئامانجمانه و هه‌نگاوی بۆ ده‌نێین فراوانتركردن و په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه دێرینهكهمانه له چوارچێوه‌ی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه باڵا و نیشتمانییه‌كاندا".
ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو، له‌درێژه‌ی دیداره‌كه‌دا سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاڕاسته‌ی سه‌ركردایه‌تیی و گه‌لی ئێران كرد كه له سه‌رجه‌م قۆناغه سه‌خته‌كاندا هاوكار و پشتیوانی خه‌ڵكی كوردستان بون، هه‌روه‌ها له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و تێكشكاندنی داعشدا، ڕۆڵێكی گرنگ و به‌رچاویان گێڕا و هاوخه‌باتی كوردستان و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه بوون، "ئاماژه‌مان به‌وه‌ش كرد، ئێمه هاوكاری و برایه‌تیی دۆسته‌كانمان له‌یاد ناكه‌ین و درێژه‌پێده‌ری ئه‌و سیاسه‌ته ده‌بین كه سه‌رۆک مام جه‌لال په‌یڕه‌وی ده‌كرد و ئامانجه‌كه‌ی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه باڵا هاوبه‌شه‌كان بوو.
له‌به‌رامبه‌ردا پزیشكیان ستایشی رۆڵ و پێگه‌ی كاریگه‌ری مام جه‌لالی كرد له بونیادنانی عێراقی نوێ و داڕشتنه‌وه‌ی سیاسه‌تێكی حه‌كیمانه له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ به‌تایبه‌ت ئێران و ئاماژه‌یان به‌وه‌كرد، "ئێمه ڕێز له‌و په‌یوه‌ندییه مێژوییه ده‌گرین و هیوادارین گه‌شه‌ی زیاتری پێبده‌ین، له‌به‌رامبه‌ر هه‌وڵ و هه‌نگاوه نیشتمانییهكانیشتاندا بۆ پاراستنی ئارامی و سه‌قامگیریی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، هاوكار و پشتیوانتان ده‌بین".
بۆچوونی بەکارهێنەران