پێویستە کۆتایی بەو دۆخە بێت کە ۱۰ ساڵە بەسەر شەنگالدا سەپێنراوە
پوختەی هەواڵ
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی لە دەیەمین ساڵیادی جینۆساید کردنی ئێزدییەکان بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: جینۆسایدی شەنگال و ئەو تاوانەی تیرۆریستانی داعش ۱۰ ساڵ بەر لە ئێستا دژی خوشک و برا ئێزیدییەکانمان ئەنجامیان دا برینێکە لەسەر جەستەی گەلی کوردستان.
ئەو تاوانە هاوشێوە و درێژەکراوەی ئەو جینۆساید و کۆمەڵکوژی و تاوانانەیە کە بە درێژایی مێژوو بەرانبەر گەلی کوردستان ئەنجام دراوە. خوشک و برا ئێزیدییەکانمان بە هۆی کوردبوون و بیروباوەڕی ئایینیانەوە کەوتنە بەر شاڵاوی ڕق و دڕندەیی تاوانبارانی داعش و جینۆساید کران.
بارزانی دەشڵێت: لە دەیەمین ساڵیادی ئەو کارەساتەدا سڵاو بۆ گیانی شەهیدان و قوربانیانی ئەو تاوانە دەنێرین و، سڵاو بۆ گیانی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە دەنێرین کە بۆ شکاندنی ئابڵۆقەی چیای شەنگال و ئازادکردنی شاری شەنگال خوێنیان بەخشی و سەری داعشی دڕندەیان خستە ژێر پێی خوشک و برا ئێزیدییەکانمان و تۆڵەی ئەو ناهەقی و زوڵمەیان لە تیرۆریستان کردەوە.
لە پەیامەکەی مەسعوود بارزانیدا هاتووە: "لەو یادە دڵتەزێنەدا جەخت لەوە دەکەینەوە کە بەهەموو توانایەک پاڵپشتی ماف و داواکاریی خوشک و برا ئێزیدییەکان و دانیشتوانی دەڤەری شەنگالین. پێویستە ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ لەمەڕ ئاساییکردنەوەی دۆخی شەنگال جێبەجێ بکرێت و ئەو دۆخە نایاسایی و نائاساییەی ۱۰ ساڵە بە ناهەق بەسەر خەڵکی ئەو دەڤەرە سەپێندراوە کۆتایی بێت. پێویستە کۆتایی بەوە بێت لایەنەکان ژان و ئازارەکانی شەنگال بۆ مەرامی سیاسی و خۆسەپاندن و ئاڵۆزترکردنی دۆخی شەنگال بەکار بهێنن و دەبێ ڕێگە بدرێت خوشک و برا ئێزیدیەکانمان لە شەنگال بە سەربەرزی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و لە ئاشتی و ئارامیدا بژین".
بۆچوونی بەکارهێنەران