چاوەڕوان دەکەین لە ساڵی نوێدا حکوومەتی عێراق کێشەکانی لەگەڵ هەرێم چارەسەر بکات
پوختەی هەواڵ
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی پارتی ڕایگەیاند: لە ساڵی تازەدا لە حکوومەتی عێراق چاوەڕوان دەکەین کێشەکانی لەگەڵ هەرێم چارەسەر بکات و بەرەو پابەندبوون بە بنەماکانی دەستور و بەرژەوەندی گەلانی عێراق هەنگاو بنێت.
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ یەکشەممە، مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "لەکاتێکدا بەرەو ساڵی نوێ دەڕۆین و ناوچەکە لەژێر هەڕەشەی قەیران و ناسەقامگیری و شەڕ و ئاژاوەدایە، پێویستە هەمووان بزانن گەلانی ناوچەکە مافی خۆیانە بە ئاسوودەیی و ئاشتی بژین".
بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، چیتر ناوچەکە بەرگەی ناسەقامگیری و توندوتیژی ناگرێت، بۆیە لەونێوەدا ئەركی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە لەپێناو پاراستنی ئاشتی و ئاساییش و رێگەگرتن لە فراوانبوونی قەیران و هەڕەشەكان لەناوچەكەماندا ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و كار بە پابەندییەكانی بكات.
سەرۆکی پارتی دیموکرات ئەوەشی خستە روو، چاوەڕوانی ئەوە دەکەن لە ساڵی تازەدا حکوومەتی عێراق کێشەکانی لەگەڵ هەرێمدا چارەسەر بکات و پابەندی بنەماکانی دەستوور ببێت.
بۆچوونی بەکارهێنەران