وەزارەتی بەرگریی تورکیا: ۱۷ پێگەی پەکەکەمان لە قەندیل بۆردوومان کرد
پوختەی هەواڵ
بەشی تورکیا- وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت، ۱۷ پێگەی پارتی کرێکارانی کوردستانی لە هەرێمی کوردستان بۆردوومان کردووە.
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاویکردەوە، فڕۆکە و درۆنە جەنگییەکانی سەر بە فەرماندەیی هێزە ئاسمانییەکان، کاژێر ۸:۰۰ی ئەمشەو ۱۷ پێگەی پەکەکەیان لە قەندیل لە هەرێمی کوردستان بۆردوومان کردووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بە مەبەستی لەنێوبردنی ئەندامانی رێکخراوە تیرۆریستییە جوداخوازەکان، نەهێشتنی ئەو هێرش و هەڕەشانەی لە باکووری عێراقەوە دەکرێنە سەر هێزی ئەمنییمان، خەڵکەکەمان و هەروەها بۆ پاراستنی سنوورەکانمان؛ هێرشە ئاسمانییەکان بۆسەر ناوچەکانی مەتین، گارە، ئاڤاشین، خواکوڕک و قەندیل ئەنجامدران".
وەزارەتی بەرگریی تورکیا باس لەوە دەکات، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا ۱۷ پێگە، حەشارگە، ئەشکەوت، کۆگا و پەناگە کراونەتە ئامانج و دەشڵێت: "لە هێرشەکانماندا خەڵکی سڤیل، لایەنی دۆست، شوێنە مێژوویی و کولتوورییەکان زیانیان بەرناکەوێت".
بۆچوونی بەکارهێنەران