پشتیوانی لە راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سەبارەت بە پاشەكشەی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان دەکەین
پوختەی هەواڵ
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نەوەی نوێ لە راگەیەندراوەكەیدا جەختی لەوە كردووە، وێڕای پشتیوانی تەواویان بۆ راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سەبارەت بە پاشەكشەی دیموكراسی و ژیانی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، دەمانەوێت ئەوەش پشتڕاست بكەنەوە كە 100% زانیارییەكان راستن و هێشتا هەندێك بابەتی تری تایبەت بە ئازادیی و سیستمی دادوەریی و بەكارهێنانی دەسەڵات بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكان باس نەكراون.
ئەوەش هاتووە، ئەم فشارانەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لەپاڵیدا فشاری ناوخۆیی لەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێم بە باشە كاریگەری لەسەر پرۆسەی بەدیموكراسی بوونی هەرێمی كوردستان دروست دەكات، بۆیە ئەو فشار و خەمخۆرییەی كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی شایەنی پێزانینی زۆرە و بەهیوای چڕكردنەوەی زیاتری فشارەكان بۆ رزگاركردنی هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی لە دیكتاتۆریەتێكی حەتمی داهاتوو.
نەوەی نوێ جەختی لەوەش كردووەتەوە، پارتی و یەكێتی بەتەواویی رێگرن لەبەردەم بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی دیموكراسی و ئازادیی، ئەوەی ئەم بانگەشەیە پشتڕاست دەكاتەوە پشتبەستنی ئەو دوو حزبەیە بە ئامڕازە نادیموكراسیەكان لە بەڕێوبردنی هەرێم.
سەبارەت بەو ئامڕازانە هاتووە، بریتین لە "دواخستنی هەڵبژاردنەكان بەبێ هیچ بیانوویەكی یاسایی و شەرعی، دەستێوەردان لە كاروباری دادگاكان، سنوورداركردنی مافە مەدەنیی و ئازادییە سیاسیەكان و سەركوت كردنی دەنگ و رەنگی ئۆپۆزسیۆن، دەستگیركردنی رۆژنامەنووسان و چالاكوانان، سەركوت كردنی شێوازەكانی بەشداریی سیاسی، هەروەها برەودان بە كلتوورە نادیموكراسیەكان بۆنموونە بەحزبی كردنی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی".
بۆچوونی بەکارهێنەران