دەوڵەتی تورکیا شەرعیەتی داوە بە لەناوبردنی دەسکەوتی کوردەکان
پوختەی هەواڵ
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەردان ئوزتورک هاوسەرۆکی کۆما جڤاکین دیموکرات (DTK) لە وتەکانیدا سیاسەتەکانی حکوومەتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان مەحکووم دەکات و ڕایدەگەیێنێت: ژمارەی بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان لە 2 بنکەوە بۆ 30 بنکەی سەربازی زیادی کردووە.
بەردان ئوزتورک زیادی دەکات ئامادەبوونی بەربڵاوی دەزگای هەواڵگری تورکیا لە هەرێمی کوردستا بە هیچ چەشنێک بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی کوردی تێدا نییە و یەکەم وڵاتێک دژایەتیی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان نیشاندا تورکیا بوو، حکوومەتی تورکیا شەرعیەتی داوە بە لەناوبردنی هەرچەشنە دەسکەوتێکی کوردەکان.
ئاژانسی Mezopotamya بڵاوی کردەوە بەردان ئوزتورک هاوسەرۆکی کۆما جڤاکین دیموکرات ئاشکراشی کردووە: یەکەم هەڵمەتی دەوڵەتی تورکیا پاش لەسەرکار لادانی سەرۆک شارەوانییە کوردەکان لابردنی زمانی کوردی لەسەر تابلۆی شارەوانییەکان بووە.
هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکراتی دەشڵێت: لێرەدا باس باسی پارتی دیموکراتیکی گەلان (HDP) نییە، پرسەکە بۆ لەبەرچاو نەگرتنی زمان و بوونی کورد دەگەڕێتەوە، لە ڕاستیدا هێرشەکانی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان کە لە ژێر ناوی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ئەنجامی دەدات هێرش کردن بۆسەر بوونی کوردەکانە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
بۆچوونی بەکارهێنەران