رێگری لە سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ دەكرێت بەشداریی دانیشتنی پەرلەمان بكات
پوختەی هەواڵ
کوردپرێس:
كازم فاروق سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی كوردستان لەكۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پۆلیسەكانی پەرلەمان بۆیان ئاشكراكردوە بەپێی فەرمانێكی نهێنی سەرۆكایەتی پەرلەمان نابێت رێگەی پێبدەن بچێتە ژورەوە.
وتیشی، ئێمە لەپەرلەمانی كوردستان باسی دزی، و بێكاری، ونەبوونی كارەبا و خزمەتگوزارییەكانمان كردوە و ئەوانیش ئەو شتانەیان پێ هەزم ناكرێت و داوای لەخەڵكی هەرێمیش كرد پشتیوانی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە بن بۆ ئەوەی بەدەنگێكی دلێرانەتر بتوانین پشتیوانی داواكارییەكانی خەڵكی كوردستان بین.
لە 31ی ئازاری ئەمساڵ كازم فاروق سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ پێڵاوەكانی گرتە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و پاشان سەرۆكایەتیەكە بەدەنگی زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان بڕیاریدا، تاوەكو سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ داوای لێبوردن نەكات، رێگەی پێنادرێت بەشداری دانیشتنەكانی پەرلەمان بكات.
كازم فاروق دووپاتی كردەوە، من داوای لێبوردن ناكەم، چونكە ئێمە بەدەنگی حەق هاتووین و نوێنەرایەتی سەرجەم چین و توێژەكان دەكەین، باشتر وایە پارتی و یەكێتی كەسەرۆكایەتی پەرلەمان بەڕێوەدەبەن، لەجێگەی رێگریكردن لەئێمە بچن قاچاخچێتی خاڵە سنورییەكان رابگرن.
بۆچوونی بەکارهێنەران