لە ساڵی 2012ەوە تاوەکوو ئێستا لە خاکی کوردستانی سووریا شەڕ رانەوەستاوە
پوختەی هەواڵ
کوردپرێس:
مستەفا بالی، بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ رادیۆی رووداو گوتی: "لە ساڵی 2012ـەوە تاوەکو ئێستا شەڕ نەوەستاوە، تەنیا شێوازی هێرش و شەڕکردن گۆڕاوە. بەڵام لە شەش ساڵی رابردوودا هەر هێرشێک کرابێتە سەر کوردستانی سووریا دەستێکی تورکیای لەگەڵدابووە، بەڵام هێرشەکان لەلایەن گرووپی جیاجیاوە ئەنجامدراون، جارێک بەناوی جەبهەتولنوسرە، جارێک داعش و جارێکی دیکەش سوپای ئازادی سووریا، کۆتا جاریش تورکیا بە ناوی فەرمی خۆی هێرشیکرد، بەڵام لە 17ی مانگی رابردووەوە تاوەکو ئێستا بە سەرپەرشتی رووسیا ئاگربەستێک راگەیێندرا، بەڵام لەدوای ئەو ئاگربەستەوە تاوەکو ئێستا تورکیا زیاتر لە 200 هێرشی ئەنجامداوە".
لەبارەی دەروازەی سنووری سێمالکا (پیشابوور)یشەوە مستەفا بالی گوتی: "هیچ گفتوگۆیەک لەگەڵ سووریا، رووسیا، ئەمریکا و تورکیا لەبارەی ئەو دەروازە سنوورییەوە نەکراوە و ئەوەی تاوەکوو ئێستا لەبارەیەوە بڵاو کراوەتەوە شتێکی نامۆیە و پێم سەیرە جارجار دەکرێتە رۆژەڤ".
لەبارەی سنووری کوردستانی سووریا و کوردستانی تورکیا، گوتی، تورکیا بەردەوام دووپاتیدەکاتەوە کە بەهۆی بوونی کورد و هەسەدەوە لەسەر سنووری وڵاتەکەی، مەترسی لەسەر ئەمنییەتی وڵاتەکەی هەیە، بۆیە ئێمە رازیبووین کە سوپای حکومەتی سووریا لەو ناوە بڵاوەی پێبکرێت.
بۆچوونی بەکارهێنەران