شوێنی بانەری ڕیکلام (728x90)
خبر نووسەر: کوردپرێس 2022-07-21 07:28 کاتی خوێندنەوە: 2 خولەک بینین: 0 (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

 50 کۆمپانیای عێراقی گەشتەکانیان بۆ پارێزگای دهۆک هەڵوەشاندەوە

پوختەی هەواڵ
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرپەرشتیاری گرووپە گەشتیارییەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەڵێت، رووداوەکەی سنووری زاخۆ بووەتە هۆی ئەوەی لانیکەم 50 کۆمپانیا گەشتەکانیان بۆ پارێزگای دهۆک تاوەکوو کاتێکی نادیار دوا بخەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاراز زرار، سەرپەرشتیاری گرووپە گەشتیارییەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە: "تۆپبارانەکە، کاریگەریی لەسەر کەرتی گەشتیاری داناوە، بەتایبەتی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ."

ئاراز زرار گوتی: "دوای رووداوەکە لانیکەم 50 کۆمپانیا گەشتەکانیان بۆ پارێزگای دهۆک تاوەکو کاتێکی نادیار دواخستووە، جگە لەوەی خەڵکێکی زۆریش کە بە نیازی گەشتکردن بوون بۆ دهۆک، بڕیاریانداوە گەشت بۆ هەولێر و سلێمانی بکەن".

ئەو سەرپەرشتیارە گوتیشی، پێشتر بۆردوومان بۆسەر ناوچە گەشتیارییەکان هەبووە، بەڵام هیچ کاتێک وەک ئەمجارە نەبووە و قوربانیی لێبکەوێتەوە.

سەرپەرشتیاری گرووپە گەشتیارییەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق لەبارەی شوێنی نیشتەجێبوونی قوربانییەکانیشەوە رایگەیاند: "90٪ـی ئەو گەشتیارانە خەڵکی پارێزگای بەغدان و لەلایەن دوو کۆمپانیای گەشتیارییەوە هێندرابوون."

ئاراز زرار باسی لەوەش کرد، "یەکێک لەو خاوەن کۆمپانیایانەی گەشتیارەکانی هێنابوو، ئێستا تەلەفۆنەکەی داخراوە و خۆی ونکردووە و تاوەکو ئێستا شوێنی دیار نییە، چونکە بابەتەکە بووەتە کێشەیەکی عەشایەری لەسەری کە ئەو گەشتیارەکانی بردووەتە ئەوێ و کەسوکاری بریندار و مردووەکان و چوونەتە سەر کۆمپانیاکە."

سەرپەرشتیاری گرووپە گەشتیارییەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق راشیگەیاند، وەرزی گەشتیاری لە عێراق تاوەکو مانگێکی دیکەش درێژەی هەبوو و هەموو هەفتەیەک لانیکەم 5 بۆ 10 هەزار گەشتیار تەنیا روویان لە دهۆک دەکرد، خواستێکی زۆر لەسەر شاری دهۆک هەیە و بلیتی گەشت بۆ پارێزگای دهۆک لە بلیتی شارەکانی دیکە زیاتر دەفرۆشرێت.

ئەو سەرپەرشتیارە لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی، کاریگەریی رووداوەکە بۆ 1 تاوەکو 2 مانگ بەردەوام دەبێت و پێشبینی دەکەم رێژەی هاتنی گەشتیاران 40٪ کەم بکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
(0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.
یاریدەدەری زیرەکی هەواڵ
هەواڵە تازە و گرنگەکان خێرا پێداچوونەوە بکە