ئەگەر سوید و فینلەندا ئەندامانی PKK ڕادەستی تورکیا نەکەن دژی ئەندام بوونیان لە ناتۆ دەوەستین
پوختەی هەواڵ
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا لەمیانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ عەبدولمەجید تەبوونی هاوتا جەزائیرییەکەی ڕایگەیاند، ئەوان ڕازی نابن هەریەک لە سوید و فینلەندا ببن بە ئەندامی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسیی (ناتۆ).
سەرۆکی تورکیا ڕاشیگەیاند، بەهۆی هەڵوێستی سوید و فینلەندا لەپشتیوانی کردنی ئیدارەی خۆسەری کوردی لە سووریا و داڵدەدانی ئەندامانی پەکەکە و سەپاندنی سزا بەسەر تورکیادا، وڵاتەکەیان دژایەتیی ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە لە هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسیی دەکات.
بەوتەی سەرۆکی تورکیا، سوید و فینلەندا هەڵوێستێکی ڕوون و ڕاشکاویان دژ بە هێزە کوردانی کوردستانی سووریا و ئەو ڕێکخراوانە نییە کە سەر بەئیدارەی خۆسەرن.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش کردووە، لەبەرئەو هۆکارە لەم قۆناغەدا ناتوانن ڕازیی بن ئەو دوو وڵاتە ببنە ئەندامی ناتۆ.
ئەردۆغان هەر لەسەر هەمان بابەت وتویەتی:"پێویست ناکات شاندی سوید و فینلەندا بێنە ئەنقەرە بۆئەوەی بڕوامان پێبهێنن ڕازیی بین ببنە ئەندامی ناتۆ".
بۆچوونی بەکارهێنەران