رێگە نادەین پارتی بە کەڵک وەرگرتن لە زۆرینەی پەرلەمانی بریار لەبارەی هەڵبژاردن لێبدات
پوختەی هەواڵ
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، ئەگەر سەرۆكی پەرلەمان پرسی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆنە نەخاتە بەرنامەی كارەوە زۆرینەی پەرلەمانی بەكاردەهێنن.
لە وەڵامی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتیدا، لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکى فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان لە نووسینێكدا کە لەلاپەڕەی خۆی فەیەسبوک بڵاویکردوەتەوە نووسیویەتى: "عەقلیەتی بڕیاری تاکرەویی حیزبیی، ھەرێمی کوردستانی بەم رۆژە گەیاند، بۆیە ئێمە چ وەکوو فراکسیۆنی یەکێتیی لە پەرلەمانی کوردستان ، چ وەکوو هێزێکی رەسەنی گۆڕەپانی سیاسیی کوردستانیش، بروامان وایە دەبێت کۆتایی بە تاکرەویی لە بریاردانی سیاسیی بۆ ئاییندەی گەلەکەمان و پرسە نیشتمانییەکانمان بهێنرێت و بە ئەرکی نیشتمانیی و دیموکراسییانەشی دەزانین کە ڕووبەرووی تاکڕەویی سیاسیی ببینەوە".
ناوبراو ئاماژەى بەوەش کردووە، ئەزموونی چەند ساڵەی رابردوو پێمان دەڵێت ھەموو ئەو بریارە سیاسی و ئابوورییانەی بە تاکرەویی حیزبیی و دوور لە کۆدەنگی نیشتمانیی هێز و حزبە سیاسییەکانی کوردستان دراون، سەرەنجام بە شکست کۆتاییان پێهاتووە و هاونیشتمانیان باجیان داوە و تاکرەویی بڕیاردانی حیزبیی، بۆتە مایەی کێشە و نەھامەتی و مالوێرانی بۆ گەلەکەمان و گەرانەوەمان چەند هەنگاوێک بۆ دواوە.
وەردی دەشڵێت "لە ئێستاشدا بانگەشە کردنی پارتی چ وەک حزب چ وەک فراکسیۆنێکی پەرلەمانی بۆ بریاری تاکڕەویی لە پرسی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دا، کە پرسێکی تەواو نیشتمانییە و پەیوەندیی بە ئایندەی سیاسی و حوکمرانی ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە ، سەرەرای ئەوەی پەیوەستە بە چارەنوسی میللەتەکەمان و ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیان".
جێگری سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتى جەخت دەكاتەوە، كە ڕێگەنادەن پارتی وەک لایەنێکی سیاسی بەتەنھا و بەپێی ویست و بەرژەوەندییە حیزبییەکانی خۆی بریاری لێبدات و هەڵبژاردن بۆ مەرامی حیزبیی بەکاربهێنێ، بەڵکو دەبێت بریاری بەکۆمەڵ و بەشەراکەتی سەرجەم ھێزەسیاسیەکان بدرێت و گەڕانەوە بۆ دواوە نییە و ئاییندەی گەلەکەمان و پێکهاتەی خولی داهاتوی پەرلەمان وا دەخوازێت پەلە بکەین لە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن بۆ فرە بازنەیی و پاکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و هەروەها نوێنەرایەتی کردنی راستەقینەی پێکهاتە رەسەنەکانی کوردستان.
بۆچوونی بەکارهێنەران