ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بووکەڵەی دەستی تورکیایە
پوختەی هەواڵ
گەلۆ عیسا ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا (P.D.K.S) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە سیاسەتەکانی ئیدارەی خۆسەر لە دانوستان لەگەڵ دیمەشدا و ڕایگەیاند: لە ئێستادا ڕووسیا دەتوانێت گەرەنتیکەری دانوستانی نێوان کورد و حکوومەتی ناوەندیی سووریا بێت بەڵام زۆر متمانە بە ڕووسیا ناکرێت چوونکە خۆی بە دۆست و هاوبەشی سیاسیی دیمەشق دەزانێت و دەیهەوێت قەیرانی سووریا لە بەرژەوەندیی حکوومەتی ناوەندیی کۆتایی پێبێت.
ناوبراو درێژەی دا: بەپێی گرێبەستی 2254ی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بۆ سووریا پەسەند کراوە، چەند دانوستانێک لەنێوان ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و حکوومەتی ناوەندی لەسەر دەستووری نێوی سووریا خەریکە بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئەو گرووپە ئۆپۆزیسیۆنانەی لە ژێنێڤ ئامادەبوونە نە دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە و نە ڕۆڵێک دەگێڕن و تەنها بووکەڵە نمایشیی دەستی تورکیان.
گەلۆ عیسا ڕاشیگەیاند: لە ئێستادا باشتر وایە کە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و گرووپە پاڵپشتکەرەکانیان لە ژێنێڤ تا ڕادەیەک ڕیئالیستی تر بە قەیرانی سووریادا بڕوانن و شاندێک بۆ دانوستان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی ئامادە بکەن کە دەسەڵات و هێزیان لە سووریا بەدەستەوە بێت، بەتایبەتیش زۆر گرینگە کە دەوری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات و هێزەکانی سووریای دیموکرات بەهەند وەربگیردرێت و نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەرک بەم پرسە بکەن.
ئەندامەکەی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا (P.D.K.S) لەبارەی ڕۆڵی ڕووسیا لە دانوستانەکاندا جەختی کردەوە: لە ئێستادا دانوستانێک لەنێوان حکوومەتی ناوەندی و ئیدارەی خۆسەردا بەڕێوەناچێت، بەڵکوو دانوستان لەنێوان ئیدارەی خۆسەر و ڕووسیا خەریکە بەڕێوەدەچێت. ڕووسیا لەلایەکەوە بەناوی حکوومەتی ناوەندیی سووریا دانوستان دەکات و لەلایەکی دیکەوە خۆی بە گەرەنتیکاری دانوستانەکان دەزانێت.
گەلۆ عیسا وەبیری هێنایەوە: ئەم سیاسەتەی ڕووسیا تاکۆتایی سەرکەوتوو نابێت بەڵام ڕەنگە بەشێوەی کورت خایەن بەشێک لە کێشەکان چارەسەر بکات. باشترین ڕێگاچارەی بۆ گەرەنتی کردنی دانوستان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی ئەمەیە کە نەتەوەیەکگرتووەکان و هێزە نێودەوڵەتییەکان بەگوێرەی گرێبەستی 2254ی ئەو ڕێکخراوەیە، هێزە ڕاستەقینەکانی ئۆپۆزیسیۆونی سووریا واتا ئیدارەی خۆسەر و ئەنجومەنی سووریا دیموکرات لە دانوستانەکانی ژێنێڤدا بەشدار بکەن تاکوو بەرژەوەندیی هەموو گرووپەکان لەبەرچاو بگیردرێت.
بۆچوونی بەکارهێنەران